لەنێوان تەختی و گۆیی زەویدا

23/06/2019 - 08:44 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/هەمەڕەنگ

 

 

ئەگەر تۆ مرۆڤێكی لەم سەردەمەی ئێستا دەژیت كە خەریكە چارەكی یەكەمی سەدەی بیست و یەك تێدەپەڕێت و بەڕاستی بڕوات وایە كە زەوی تەختە، دڵنیابە كە كێشەیەكی گەورە لە مێشكت هەروەها لە بیركردنەوەت هەیە.

ئایا دەزانن كە یۆنانیەكان بەر لەپتر لەدوو هەزار ساڵ زانیویانە زەوی گۆییەو چێوەكەشیان ئەو كاتە بەوردی پێوانە كردووە، ئەویش تەنیا بەچاودێریكردنی سێبەری تەنەكان لەشوێنە جیاجیاكانی چەند شارێكی جیاواز لەیەك كاتداو لەڕێگەی پێوانەكردنی گۆڕانكاری لە گۆشەی سێبەرەكان چێوەی گۆی زەویشیان زۆر بەنزیكەیی پێوانەكردووە.

بەڵگەكانی گۆییبوونی زەوی هێندە زۆرن نازانم باسی كامەیان كەم، بەڵام ئەگەر ئەو جۆرە كەسانە ڕووبەڕووتان بوونەوە ئێوە دەتوانن تەنیا یەك بەڵگەی سادەیان بۆ بخەنەڕوو ئەویش ئەگەر ئامادەبوون گوێتان لێبگرن و مێشكیان بخەنەگەڕ.

بۆ بەدەستهێنانی سادەترین بەڵگە كە بەچاو بیسەلمێنێت هەموومان لەسەر گۆیەكی گەورە دەژین تەنیا یەك دووربینت پێویستە، بڕۆ كەناری دەریایەك و بەدووربینەكەت تەماشای كەشتیەك بكە كە لەكەنارەكە دوور دەكەوێتەوە، بەچاوی خۆت دەبینیت كە لەسەرەتا وردەوردە ژێرەوەی كەشتیەكە بزر دەبێت، تا دورتر بكەوێتەوە زیاتر بەشی ژێرەوە بۆ سەرەوە زیاتر وون دەبێت، لەكۆتاییدا تەنیا بەشەكانی هەرە سەرەوەی كەشتیەكە دەبینیت و دوایی ئەویش بەتەواوی وون دەبێت، ئەمە نیشانەو بەڵگەی ئەوەیە كەشتیەكە كاتێك لێت دووردەكەوێتەوە لەسەر گۆیەك دەڕوات، بێ گومان ئەگەر زەوی تەخت بووایە كەشتیەكە دوای دووركەوتنەوەشی هەر هەمووی دیاردەبوو، بەڵام وردەوردە تەنیا بچووكتر دەبوو.

لوقمان حەوێز – تێكساس