نرخی نەوت دەگاتە سەرووی 70 دۆلار

ڕێبین عەلی 08/05/2016 - 20:33 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/گشتی

دەزگای بانك و دارایی بەریتانیا، پێشبینی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی بۆ ٧٠ تا ٧٥ دۆلار كردووە لە كۆتایی ئەمساڵدا.

بەپێی هەواڵێكی سایتی بلۆمبێرگ دەزگای بانك و دارایی بەریتانیا كە دەزگایەكی دارایی جیهانییە، پێشبینی كردووە تا كۆتایی ئەمساڵ نرخی یەك بەرمیل نەوتی خاو لە بازارەكانی جیهاندا بۆ ٧٠ تا ٧٥ دۆلار بەرز بێتەوە.

پسپۆڕان و شرۆڤەكارانی ئەو دەزگایە لەو بڕوایەدان، وڵاتانی ئەمریكا و چین پێكەوە دەتوانن نرخی نەوت لە بازاڕەكاندا بەرز بكەنەوە و بە پێی چاودێریی هەردوو وڵات، ئاماژەی ئەوە هەیە لە كۆتایی ئەمساڵدا نرخی نەوت بگاتە زۆر بەرزتر لەو نرخەی ئێستای لە بازاڕەكانی فرۆشتنی نەوت و بە نزیكەی ٧٥ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك مامەڵەی پێوە بكرێت.

جێی باسە پاش ئەو دابەزینە بەرچاوەی لە چەند مانگی رابردودا بەخۆیەوە بینی، ماوەیەكە نرخی نەوت لە نزیك 45 دۆلار ماوەتەوە و هەوڵەكانی وڵاتانی بەرهەمهێنیش بۆ زیاتر بەرزكردنەوەی نرخەكەی بەردەوامە.


ڕێبین عه‌لی