لەم وادەیە پەرلەمان كۆدەبێتەوە

09/05/2016 - 09:00 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/گشتی

سەرۆكایەتی‌ پەرلەمانی عێراق رایگەیاند كە سێشەممەی‌ داهاتوو كارەكانی‌ دەست پێدەكاتەوە، داواشی‌ لە لیژنەكان كرد كۆبوونەوەكانیان دەستپێبكەنەوە.

سەرۆكایەتی‌ پەرلەمانی عیراق لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكرد: "پێویستە پەرلەمانتاران لە سێشەممەی‌ داهاتووەوە لە پەرلەمان بوونیان هەبێت و دەست بكەنەوە بە ئەركی‌ یاسادانان و چاودێرییان لە چوارچێوەی‌ لیژنەكانیان".

لە راگەیەندراوەكەدا داواش‌ لە لیژنەكان كراوە كارەكانیان دەستپێبكەنەوە بۆ ئامادەكردنی‌ پرۆژەیاسا پێویست و گرنگەكان بەمەبەستی‌ پەسەندكردنیان.

سەرۆكایەتی‌ پەرلەمانی عێراق جەختیشی‌ لەوە كردەووە كە دوای‌ كۆتاییهاتنی‌ ئامادەكارییە هونەریی و تەكنیكییەكانی‌ بینای‌ ئەنجومەن، وادەی‌ دانیشتنی‌ گشتی‌ دیاری‌ دەكرێت.

رۆژی 30 نیسانی ئەمساڵ دانیشتنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق هەڵپەسێردران بەهۆی ئەوەی خۆپیشاندەرانی‌ گۆڕەپانی‌ تەحریر بەربەستەكانی‌ ناوچەی‌ سەوزی‌ بەغدایان شكاند‌و چوونە ناو باڵەخانەی ئەنجومەنەكە و ژمارەیەك لە پەرلەمانتارانی‌ كورد لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە هێرشیان كرایە سەرو سووكایەتییان پێكرا، دواتر بەناچاری گەڕانەوە بۆ هەرێمی كوردستان.


ڕێبین عەلی