ئەمریكا لەدەریاوە هێرشی كردە سەر داعش

04/06/2016 - 08:16 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/گشتی

 

 

 

هێزی دەریایی ئەمریكا رایگەیاند، فڕۆكەی جەنگی ووڵاتەكەیان لە كەشتیـیەكی فڕۆكە هەڵگریان لە دەریای ناوەڕاستەوە هەستاون و هێرشیان كردۆتە سەر داعش، ئەمەش یەكەم جارە لەوەتەی شەڕی عێراق لە ساڵی (2003) فڕۆكەی ئەمریكی لەسەر كەشتی فڕۆكە هەڵگر لە دەریای ناوەڕاستەوە هەستێت بۆ بۆردومانكردن لە ناوچەكە.
بەپـێی زانیاری كاربەدەسـتانی هێزی دەریایی، فڕۆكەكان لەسەر كەشتی فڕۆكە هەڵگری (USS Harry S Truman) ەوە هەستاون، پاش ئەوەی كەشتیـیەكە لە ڕێگەی كەناڵی سوێسەوە گەیشتۆتە دەریای ناوەڕاستەوە، بەڵام كاربەدەسـتەكان باسیان لەوە نەكرد ئایا لە سوریا یان لە عێراق هێرشەكان ئەنجامدراون و هەروەها ئامانجەكانیشیان چی بوون، بەڵام پـێدەچێت لە سوریا لە داعشیان دابێت بەو پـێـیەی سوریا لەسەر دەریاكەیەو هەروەها لە ئێسـتادا ئۆپەراسیۆنی ڕزگاركردنی مەنبج لە ئارادایە.
كاربەدەسـتێـكی گەورەی دەریایی ئەمریكا رایگەیاندووە، ئەم هەنگاوە سەلـماندی كەشتیـیەكە دەتوانێت بە ئەركەكان هەستێت تەنانەت ئەگەر لە ناوچەیەك بۆ ناوچەیەكی دیكە بجوڵێت.
كەشتی فڕۆكە هەڵگری (USS Harry S Truman) و چەند كەشتیەكی دیكەی بچووك لەگەڵی پـێشـتر لەنێو هێزی پـێـنجەمی دەریایی ئەمریكا كە لە كەنداو جێگیرە، بەشداریـیان لە شەڕی دژی داعش كردووەو هاوكات لەگەڵ كەشتی فڕۆكە هەڵگری فەڕەنسی (Charles de Gaulle) پـێكەوە كاریان كردووە.

 

ئـ . كـ