سوپای سوریا گەیشتە پایتەختەكەی داعش

04/06/2016 - 14:09 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/گشتی

كوردیو -

له‌ دوای‌ ساڵی‌ 2014ه‌وه‌ بۆ یه‌كه‌مجار سوپای‌ سوریا توانی بچێتە ناو پارێزگای ره‌قه‌ ی پایتەختی داعش له‌ سوریا.

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ هێزه‌كانی‌ سوپای‌ سوریا له‌ دوای‌ ساڵی‌ 2014ه‌وه‌ بۆ یه‌كه‌مجار توانییان بچنه‌ ناو سنووری‌ پارێزگای‌ ره‌قه‌ پایتەختی رێكخراوی‌ تیرۆریستی داعش.

روانگه‌ی‌ سوری‌ بۆ مافه‌كانی‌ مرۆڤ رایگه‌یاند كه‌ هێزه‌كانی‌ سوپای‌ سوریا به‌ پاڵپشتی‌ میلیشیاكان و فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی‌ سوریا و روسیا له‌ هه‌ردوو ناوچه‌ی‌ ئه‌سریا و ته‌بقه‌ی‌ پارێزگای‌ ره‌قه‌ پێشڕه‌وییان كرد.

ئاماژەی بەوەش داوە كه‌ هێزه‌ سورییه‌كان توانویانه‌ بچنه‌ناوسنووری‌ ئیداری‌ پارێزگای‌ ره‌قه‌ و له‌ هه‌وڵدان بگه‌نه‌ ده‌ریاچه‌ی‌ فوڕات و رێگای‌ ره‌قه‌- حه‌ڵه‌ب و ته‌نها چەند كیلۆمه‌ترێك له‌و ناوچه‌یه‌وه‌ دوورن.

بەپێی زانیاریەكانی رێكخراوی ناوبراو به‌هۆی‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌كانی‌ رۆژی‌ پێنجشه‌ممه‌وه‌ بیست و شەش چه‌كداری‌ داعش و نۆ ئه‌ندامی‌ سوپای‌ سوریا و گروپه‌ چه‌كداره‌كانی‌ تر كوژراون.

به‌ كۆنترۆڵكردنەوەی رێگای‌ ره‌قه‌- حه‌ڵه‌ب و ده‌ریاچه‌ی‌ فوڕات له‌لایه‌ن هێزه‌كانی‌ سوپای‌ سوریاوه‌ چه‌كدارانی‌ داعش له‌ حه‌ڵه‌ب ئابڵووقه‌ ده‌درێن.

 


هونەر بانەگوڵانی