پرسە نامەی ئۆباما بەهۆی مردنی عەلی کلایەوە

04/06/2016 - 23:25 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/گشتی

 

"موحەمەد عەلی مەزنترین بوو، نوقتە. ئەگەر لە خۆیت بپرسیایە موحەمەد عەلی کێ بو، ئاوا وەڵامی ئەدایتەوە. ئەو پێی دەوتیت کە ئەو مەزنترینە. پێی ئەوتی کە "من هەورەبروسکە کەلەپچە ئەکەم، هەورەگرمە ئەخەمە زیندانەوە"


بەڵام ئەوەی وایکرد ئەم پاڵەوانە ببێتە مەزنترین کەس و جیای دەکردەوە لەوانی دیکە ئەوە بوو لە هەر کەس بپرسی محەمەد عەلی کێیە، هەر هەمان وەلام وەردەگری.
وەک زۆر کەسی دیکەی سەر ئەم هەسارەیە ، من و میشێلیش خەمبارین بە ماڵئاوایی ئەو، بەڵام ئێمە زۆر سوپاسگوزارین بۆ خوا کە ئێمەی خۆشبەخت کرد و چانسی ئەوەی پێداین بیناسین، ئەگەرچی بۆ ماوەیەکی کەمیش بێ. هەروەک بەخت یاوەرمان بوو کە 'مەزنترین' لە زەمەنی ئێمەدا ژیا و بەرەکەتی تێخست.


لە ژووری تایبەتی خۆم تەنها تۆزێک لەولای ژووری سەرۆکایەتییەوە، جووتێک لە دەستکێشەکانی ئەوم داناوە لە ژێر وێنەیەکی بەناوبانگیدا، لە وێنەکەدا پاڵەوانێکی گەنجە، ٢٢ ساڵە، وەک شێرێک دەنەرێنێ بەسەر 'سۆنی لیستۆن'دا. ئەو کاتەی وێنەکە گیراوە، من زۆر تەمەنم کەمبوو تا بزانم کێ بووە. ئەو کات هێشتا ناوی کاسیس کلەی بوو، خاوەنی مەدالیای ئاڵتوونی یاریەکانی ئۆلیمپیک. ئەو گەشتێکی رۆحانی دەستپێکرد کە دواجار گەیاندی بە بیروباوەری ئیسلام و ، لە لوتکەی هێزدا رەوانەی مەنفای کرد، هەموو ئەوە بوو بە پێشەکی بۆ ئەوەی کە بە گەورەیی بگەرێتەوە، بە ناوێکەوە گەڕایەوە کە چەندە لای جەماوەری کێک بۆکسینگ لە باخچەی مادیسۆن سکوێیەری نیویۆرک ناسراو بوو ئەوەندەش لای چەوساوانی گەڕەکە هەژارنشینەکانی باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا و گوندە دورەدەستەکانی ئەفریقا ئاشنا بوو.


ئەو جارێکییان هاواری کرد "من ئەمریکام، من ئەو بەشەی ئێوەم کە ئێوە ناتانەوێت دانی پێدا بنێن. بەڵام چارتان نییە ئەبێ رابێن لەگەڵم. رەشم، باوەڕم بەخۆم هەیە، لەخۆم باییم، ناوەکەم ناوی خۆمە، هی ئێوە نییە، ئایینەکەم ئایینی خۆمە وەک ئێوە نییە، ئامانجەکانم هی خۆمن. خۆتان رابێنن لەگەڵم "


ئەمە ئەو 'عەلی'یە بوو کە من لەگەڵ گەورەبووندا ناسیم، نەک تەنها کەسێک کە لەناو حەلەبەی شەڕدا یاریزانێکی لێهاتوو و لەبەردەم مایکدا شاعیرێکی بلیمەت بوو، بەڵکو کەسێک بوو کە شەڕی دەکرد لەپێناوی ئەوەی بە ڕاستی دەزانی. پیاوێک کە لەپێناوی ئێمەدا شەڕی کرد. ئەو پشتیوانی مارتن لوسەر کینگ و ماندێلای کرد، لەگەڵیاندا وەستا لەکاتێکدا زۆر زەحمەت بوو، ئەو کاتەی ئەو بە دەنگ هات، زۆر کەس بێدەنگ بوون. ئەو خەباتەی ئەو لە دەرەوەی حەلەبەی بۆکسینگ کردی، بوویە هۆی ئەوەی ناو و تایتڵەکانی لێ بسەنرێتەوە. چەندین دوژمنی لە راست و لە چەپ بۆ دروستکرد. بوویە هۆی ئەوەی بەر نەفرینی زۆر کەس بکەوێ ، تەنانەت نزیک بوو لەوەی بخرێتە زیندانەوە. بەڵام سەرکەوتنی ئەو وایکرد ئێمە ئەو ئەمریکایە ببینین کە ئێستا پێی راهاتووین .


ئەو کامڵ نەبوو، بەبێ گومان. سەرەرای هەموو ئەو سیحرەی هەیبوو لەناو حەلەبەی یاریدا، بەڵام هەندێ جار بێ بیرکردنەوە قسەی دەکرد، لەگەڵ گەشەکردنی باوەڕیشیدا، چەندین هەڵوێستی دژ بەیەکی نواند. بەڵام رۆحە ناوازەکەی ئەو وایکرد دۆستەکانی لە دوژمنەکانی زیاتر بن. دەکرێ لەبەر ئەوە بوبێ کە زۆر لە ئێمە بەشێکی خۆمان لەودا دەبینییەوە. دواتر، کە هێز و بازووی فیزیکی ڕەوینەوە، بوویە هێزێکی گەورەتر بۆ ئاشتی و پێکەوەژیان لە دنیادا. بەرە بەرە لایەنە نەرمەکەی ئەو پیاوەمان بینی کە پێشتر دەیوت "من ئەوەندە خراپم ، دەرمانیش نەخۆش دەخەم" ، ئەو سەردانی منداڵانی نەخۆش و کەمئەندامی دەکرد وپێی دەگوتن ئەوانیش دەتوانن مەزنترین بن. ئێمە پاڵەوانێکمان بینی کە مەشخەڵی ئۆڵۆمپیاتی هەڵکرد و مەزنترین شەڕیشی ئەو شەڕە بوو کە دژ بە نەخۆشی ئەنجامیدا، نەخۆشییەک کە توانی جەستەی تێکبشکێنێ بەڵام نەیتوانی پشکۆی چاوەکانی بکوژێنێتەوە.


موحەمەد عەلی جیهانی هەژاند. ئەو هەژانە دونیای باشتر کرد. هەموومان لە سایەی ئەو هەژانەدا باشترین. من و میشێل پرسە و سەرەخۆشی خۆمان بۆ خێزانەکەی دەنێرین و ، دۆعا دەکەین کە مەزنترین جەنگاوەر بە ئاسوودەیی رابکشێت.

دەقی ئینگلییزی پرسەنامەکە http://www.usatoday.com/story/sports/boxing/2016/06/04/obama-what-muhammad-ali-meant-me/85346588/

وەرگێرانی دانا نەوزەر