فڕۆكەیەكی میسری بەناچاری نیشتەوە

08/06/2016 - 10:59 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/گشتی

 

 

 

فڕۆكەوانی میسر ڕایگەیاند، فڕۆكەیەكی ووڵاتەكەی بەهۆی بوونی بۆمبەوە بە ناچاری لە ئۆزبەگستان نیشتۆتەوە.
سەرچاوەیەك لە كۆمپانیای هێڵی ئاسمانی میسر ڕایگەیاند، فڕۆكەكە لە گەشتێكدابووە لە قاهیرەوە بۆ پەكینی پایتەختی چین و بەناچاری لە فڕۆكەخانەی یوتین لە ئۆزبەگستان نیشتۆتەوە.
ئەو سەرچاوەیە ڕایگەیاندووە، دوای ئاگاداركردنەوەی تیمی فڕۆكەكە لەلایەن بەرپرسانی فڕۆكەخانەی قاهیرەوە بەهۆكاری بوونی بۆمب لە ناو فڕۆكەكەدا ناچار بە نیشتنەوەبوون بۆ پشكنینی فڕۆكەكە.
فڕۆكەكە لە گەشتی ژمارە (955) بووە لە قاهیرەو دوای سێ كاتژمێر لە هەستانی فڕۆكەكە لە قاهیرە لایەنی ئەمنی فڕۆكەخانەكە لەڕێگەی تەلەفۆنەوە ئاگاداركراونەتەوە كە بۆمب لەناو فڕۆكەكەدایەو كۆمپانیاكەش بۆ سەلامەتی گیانی سەرنشینانی فڕۆكەكە ئاگاداری تیمی فڕۆكەكەی كردووە لە نزیكترین فڕۆكەخانەدا بنیشێتەوەو پشكنین ئەنجام بدات.
هاوكات هێڵی فڕۆكەوانی ئۆزبەگستان ڕایگەیاند، فڕۆكە میسرییەكە (118) سەرنشینی تێدابووە لەگەڵ تیمی فڕۆكەكە كە ژمارەیان (17) كەس بوون سەرجەمیان پارێزراون دوای نیشتنەوەی پشكنین بۆ فڕۆكەكە كراوە.
ئەوە لەكاتێكدایە لەناوەڕاستی مانگی ڕابردوودا فڕۆكەیەكی میسری بە (62) سەرنشینەوە لە گەشتێكدابوو لە پاریسەوە بۆ قاهیرە لە دەریای ناوەڕاستدا دیارنەماو تاكو ئێستاش هۆكارەكانی دیارنەمانی فڕۆكەكە ڕوون نەبۆتەوە.

 

ئـ . كـ