حەلەب ڕووبەڕووی تووندترین بۆردومان دەبێتەوە

08/06/2016 - 21:46 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/گشتی

 

 

 

شاری حەلەب بەشێوەیەكی چڕ لەلایەن فڕۆكە جەنگییەكانی سوپای رووسیاو ئەسەد بۆردومان كراو بەشێكی زۆری وێران كرا.
میدیاكانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا بڵاویانكردۆتەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە فڕۆكە جەنگییەكانی رووسیاو سوریا بەچڕی بۆردومانی چەند ناوچەیەكی شاری حەلەبیان كردووەو لەئەنجامیشدا (65) كەس كوژراون كە بەشێكی زۆریان هاوڵاتیانی مەدەنین و بەدەیان كەسیش برینداربوونە.
هاوكات فڕۆكەكان تەنها ئەمڕۆ (70) جار هێرشیان كردۆتە سەر شاری حەلەب و (20) ناوچەیان بەئامانج گرتووەو چوار نەخۆشخانەشیان وێران كردووە.
بەپێی زانیارییەكان فڕۆكەكانی ئەسەد بەرمیلی بۆمب ڕێژكراویان بەرداوەتەوە سەر نەخۆشخانەكان و وێرانیان كردوون.
لەسەرێكی ترەوە هێزی سوریای دیموكرات كە بەشێكی زۆریان كوردەكانن گەیشتوونەتە سنوورەكانی شاری مەنبەجی باكووری خۆرهەڵاتی شاری حەلەب، بەڵام تاكو ئێستا نەیاتوانیوە بچنە نێو شارەكە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی شەڕێكی سەخت لەناوچەكە سەری هەڵداوە، هێزە كوردییەكان لەهەوڵدان گەمارۆی شاری مەنبەج بدەن، بەتایبەتی لەنێوان جەرابلوس و مەنبەج.

 

ئـ . كـ