لەسنووری مەنبەج پێكدادانی تووند لەئارادایە

12/06/2016 - 09:27 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/گشتی

 

 

 

پێكدادانی نێوان گروپە چەكدارەكانی داعش و هێزە كوردییەكان لەنزیك شاری مەنبەج بەردەوامی هەیە، زانیارییەكان ئاماژە بەوەدەدەن، كە گروپە چەكدارەكانی داعش دوو ناوچەیان كۆنترۆڵ كردۆتەوە.
ئاژانسی ئەعماقی سەربە داعش رایگەیاندووە، لەئەنجامی دژە هێرشێك توانیویانە هەردوو گوندی (جامۆسیەو عۆسجەلی) لەنزیك شاری مەنبەج لەژێر دەستی هێزەكانی سوریای دیموكرات بێنە دەرەوە.
ئەمەو تاكو ئێستا شاری مەنبەج گەمارۆدراوەو لەنێو شارەكەشدا نزیكەی (100) هەزار كەس هەن و گیریان خواردووە، تاكو ئێستاش كەل و پەل و خۆراك و پێداویستی پزیشكی بوونی هەیە، بەڵام ئەوان ترسیان لەوە هەیە دۆخەكە ئاڵۆزتر بێت و بارودۆخیان تێكبچێت و هیچ دەروازەیەكیش بۆ دەربازبوونیان نییە.
لەلایەن خۆشیەوە فڕۆكە جەنگییەكانی سوپای هاوپەیمانان بەردەوامن لەبۆردومان كردنی سنووری شاری مەنبەج بەمەبەستی زیاتر گەمارۆدانی داعش.
هاوكات ئاماژە بەوەشدراوە كە گروپە چەكدارەكانی داعش دژە پەلامارێكیان كردۆتەوە سەر هێزەكانی سوریای دیموكرات و لەئەنجامیشدا (80) كەسیان لێكوشتوون، ئەوەش بۆ شكاندنی گەمارۆی سەر شاری مەنبەج بووە.

 

ئـ . كـ