ئه‌ردۆگان به‌یه‌ك سكایپ كوده‌تایه‌كی پیلانگێرانه‌ی شكست پێهێنا

16/07/2016 - 05:33 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/گشتی

 

له‌ یه‌كه‌م ده‌ركه‌وتنی به‌رامبه‌ر به‌ هه‌وڵی كوده‌تا له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات و وڵاته‌كه‌ی ، سه‌رۆك كۆماری توركیا له‌رێگای سكایپه‌وه‌ په‌یامێكی ڕاگه‌یاندو ئه‌و په‌یامه‌ به‌س بوو بۆ ئه‌وه‌ی هه‌وڵه‌ كوده‌تایه‌ پیلانگێریه‌كه‌ شكست پێ بهێنێت و له‌ناوی به‌رێت .
 
ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان، سه‌رۆك كۆماری توركیا له‌یه‌كه‌م ده‌ركه‌وتنیدا له‌ رێگای سكایپه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئاژانسی CNN ی وڵاته‌كه‌ی سازی كردو په‌یامێكی ئاڕاسته‌كرد له‌ دژی كوده‌تاچیه‌كان و ئه‌و په‌یامه‌ به‌س بوو بۆ ئه‌وه‌ی شكستیان پێ بهێنێت و بۆ هه‌موو جیهان بسه‌لمێنێت كه‌ گه‌ل ئه‌ویان ده‌وێت و پشتیوانی ئه‌ویان كرد .
 
ئه‌ردۆگان له‌ په‌یامه‌كه‌یدا داوای كرد هه‌رچی زووه‌ هاوڵاتیانی وڵاته‌كه‌ی بڕژێنه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان و پشتیوانی له‌ حكومه‌ت بكه‌ن و دژی كوده‌تاچیه‌كان رێگری بكه‌ن .
 
ته‌نها چه‌ند خوله‌كێك به‌س بوو بۆ ئه‌و په‌یام و داواكاریه‌ی ئه‌ردۆگان و شه‌قامه‌كانی ئه‌سته‌نبول و ئه‌نقه‌ره‌و شاره‌كانیتر جمه‌یان هات له‌ لایه‌نگرانی پارته‌كه‌ی ئه‌ردۆگان و ته‌نانه‌ت لایه‌نگرانی پارته‌ عه‌لمانی و ره‌گه‌زپه‌رسته‌كانیش پشتیوانی خۆیان ده‌ربڕی و ڕوبه‌ڕووی سوپا كوده‌تاچیه‌كه‌ بوونه‌وه‌و شكسیتان پێ هێنا .
 
ئه‌گه‌رچی سه‌ره‌تا چاودێرانی سیاسی و زۆرێك له‌ میدیاكان ئه‌و شێوازه‌یان به‌ شكست و تیاچوونی ئه‌ردۆگان له‌قه‌ڵه‌م دا به‌وه‌ی هیچ پشتیوانیه‌كی نه‌ماوه‌و نازانێت چی بكات و سه‌ری لێ شێواوه‌ ، به‌ڵام له‌ ئێستادا ده‌ركه‌وت كه‌ ئه‌ردۆگان باشترین ڕێگه‌ی هه‌ڵبژارد تا گه‌ل بكاته‌ بڕیارده‌رو ته‌نها چه‌ند خوله‌كێكی سكایپ به‌س بوو بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌ردۆگان سه‌ربكه‌وێت .
 
م. كانی