داعش به‌شێنه‌یی‌ شانه‌ نوستووه‌كانی‌ ده‌نێرێته‌ وڵاتانی‌ ئه‌وروپا

23/07/2016 - 09:02 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/گشتی

 

داعش به‌شێوه‌یه‌كی‌ رێكخراو شانه‌ نوستووه‌كانی‌ له‌عێراقه‌وه‌ ده‌نێرێته‌ ئه‌وروپا، له‌مه‌ودوا ئه‌و بۆمبه‌ ته‌وقیتكراوانه‌ ده‌بنه‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی‌ هه‌ره‌ جدی‌ له‌سه‌ر وڵاتانی‌ خۆرئاوا.

له‌هاوینی‌ رابردووه‌وه‌ ئه‌حمه‌د سه‌لیم (26 ساڵ) زیاتر له‌جاران له‌گه‌ڵ هاوڕێكانی‌ ده‌مێنێته‌وه‌ له‌ناوچه‌ی‌ مه‌نسوری‌ خۆرئاوای‌ به‌غدا، له‌كاتێكدا جاران خۆی‌ له‌به‌رچاویان ونده‌كرد، نه‌وه‌ك به‌ڕێكه‌وت (نه‌زهان شاكر) بیبینێت، ئه‌و پیاوه‌ ته‌مه‌ن 30 ساڵه‌ی‌ له‌ناوچه‌كه‌دا ناسراوه‌ به‌وه‌ی‌ یه‌كێكه‌ له‌مه‌ترسیدارترین ئه‌ندامانی‌ شانه‌ نوستووه‌كانی‌ داعش له‌به‌غدا.

 

ئه‌حمه‌دو هاوڕێكانی‌ باش ده‌یانزانی‌ ره‌نگه‌ له‌پڕ له‌لایه‌ن نه‌زهانه‌وه‌ بكرێنه‌ ئامانج‌و ئه‌شكه‌نجه‌ بدرێن‌و بكوژرێن به‌بێماناترین بیانوو، وه‌ك ته‌ماشاكردنی‌ یاخود ره‌خنه‌ لێگرتنی‌، ئه‌و پیاوه‌ هه‌ر له‌ساڵی‌ 2005ه‌وه‌ ناوبانگی‌ له‌ناوچه‌كه‌دا بڵاوبووه‌ته‌وه‌، ئه‌و كاته‌ی‌ سه‌ر به‌ڕێكخستنه‌ نهێنییه‌كانی‌ قاعیده‌ بووه‌.

 

نه‌زهان له‌پڕ ناوچه‌كه‌ی‌ به‌جێهێشت، به‌ڵام رووی‌ نه‌كرده‌ ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی‌ خه‌لیفه‌ له‌عێراق‌و سوریا كه‌ جاران ئاواته‌ خواز بووه‌ ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ به‌غداش بگرێته‌وه‌، به‌ڵكو رووی‌ له‌ئه‌وروپا كرد كه‌ پێشتر به‌"وڵاتی‌ كافران" ناوی‌ ده‌برد.

 

ئه‌حمه‌د به‌"نیقاش"ی‌ وت "تووشی‌ سه‌رسوڕمان بووم كه‌ نه‌زهان روویكرده‌ ئه‌وروپا، چونكه‌ ئه‌مه‌ ته‌نها له‌خه‌یاڵ ده‌چێت"، به‌ڵام دواتر هۆكاری‌ ئه‌و سه‌فه‌ره‌ی‌ روون بووه‌ته‌وه‌.

 

به‌رپرسی‌ ئه‌و شانه‌یه‌ی‌ نه‌زهان تیایدا ئه‌ندامه‌، داوایلێكردووه‌ به‌خێرایی‌ بچێته‌ توركیاو له‌وێوه‌ روو له‌ئه‌وروپا بكات، ئه‌و كاته‌ی‌ سنور به‌ڕووی‌ عێراقی‌‌و سورییه‌كاندا كراوه‌ته‌وه‌.

 

به‌پێی‌ قسه‌ی‌ دایكی‌ نه‌زهان بۆ دراوسێكانی‌، ئێستا كوڕه‌كه‌ی‌ له‌برۆكسله‌و چاوه‌ڕێی‌ وه‌رگرتنی‌ مافی‌ په‌نابه‌رێتی‌‌و پاسپۆرتی‌ به‌لجیكی‌ ده‌كات.

 

به‌رپرسی‌ شانه‌كه‌ی‌ نه‌زهان، ئه‌وو چه‌ند كه‌سێكی‌ تری‌ بۆ ئه‌وروپا ناردووه‌و به‌پێی‌ نه‌خشه‌یه‌ك دابه‌شیان كردوون كه‌ پێشتر داعش ئاماده‌كاری‌ بۆ كردووه‌.

 

ئه‌حمه‌د هیچی‌ له‌باره‌ی‌ ئه‌م سه‌فه‌ره‌ی‌ نه‌زهانه‌وه‌ نه‌ده‌زانی‌ تا ئه‌و كاته‌ی‌ عومه‌ری‌ برا بچووكی‌ نه‌زهان بۆی‌ باسكردووه‌، عومه‌ر پێی‌ وتوون كه‌ شه‌و فه‌رمانی‌ سه‌فه‌ركردن به‌نه‌زهان دراوه‌و ئه‌ویش بۆ به‌یانییه‌كه‌ی‌ جێبه‌جێی‌ كردووه‌.

 

نه‌زهان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ له‌خێزانێكی‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌ بۆ ئه‌و كڕینی‌ تیكتی‌ فرۆكه‌ بۆ توركیا زه‌حمه‌ت نه‌بووه‌، بڕێك پاره‌ی‌ زیاتری‌ داوه‌ به‌فه‌رمانبه‌ری‌ یه‌كێك له‌نوسینگه‌كانی‌ فرۆكه‌وانی‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ هه‌مان رۆژ تیكته‌كه‌ی‌ ده‌ست بكه‌وێت.

 

دوای‌ گه‌یشتنی‌ به‌توركیا نه‌زهان ته‌نها 24 كاتژمێر له‌و وڵاته‌ مایه‌وه‌و دواتر چووه‌ یۆنان‌و ئینجا بۆ به‌لجیكا‌و له‌وێ‌ له‌گه‌ڵ‌ هاوڕێكانی‌ كۆبووه‌وه‌ كه‌ به‌هه‌مان رێگا رۆیشتبوون.

 

عومه‌ری‌ برای‌ نه‌زهان بۆ "نیقاش"ی‌ باسكرد كه‌ براكه‌ی‌ كێشه‌ی‌ نابێت له‌وه‌رگرتنی‌ مافی‌ په‌نابه‌رێتی‌، چونكه‌ داعش ئاسانكاری‌ ته‌واو بۆ ئه‌ندامه‌كانی‌ ده‌كات‌و دۆسێی‌ وایان بۆ دروست ده‌كات كه‌ ده‌یسه‌لمێنێت مه‌ترسی‌ راسته‌قینه‌یان له‌سه‌ره‌.

 

سه‌یره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ نه‌زهان نه‌یهێشتووه‌ هیچ یه‌كێك له‌ئه‌ندامانی‌ خێزانه‌كه‌ی‌ له‌گه‌ڵیدا بچن بۆ ئه‌وروپا، ته‌نانه‌ت پێشتر خوشكه‌كه‌شی‌ ناچاركردووه‌ كه‌ له‌مێرده‌كه‌ی‌ جیابێته‌وه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ رووی‌ له‌ئه‌وروپا كردووه‌و ئه‌و كات پێی‌ وتووه‌ كچێك ئه‌گه‌ر خه‌می‌ ناوبانگی‌ خۆی‌ بێت نابێت له‌وڵاتانی‌ خۆرئاوا بژی‌، هه‌ر بۆیه‌ خێزانه‌كه‌ی‌ له‌م بڕیاره‌ كتوپڕ تووشی‌ سه‌رسوڕمان بوون تا دواتر هۆكاره‌كه‌یان بۆ روون بووه‌ته‌وه‌.

 

ئه‌وانه‌ی‌ نه‌زهان ده‌ناسن هه‌موویان ده‌زانن كه‌سێكی‌ شه‌ڕانگێز بووه‌و باس له‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ له‌سه‌ر ده‌ستی‌ ئه‌و چه‌ندین كه‌س رووبه‌رووی‌ ئه‌شكه‌نجه‌و كوشتن بووه‌ته‌وه‌، هه‌ر له‌سه‌رده‌می‌ قاعیده‌وه‌ تا ده‌گاته‌ داعش.

 

نه‌زهان یه‌كێكه‌ له‌و ده‌یان‌و بگره‌ سه‌دان كه‌سانه‌ی‌ سه‌ر به‌شانه‌ نوستووه‌كانی‌ داعشن‌و ئێستا به‌شێوه‌یه‌ك له‌شێوه‌كان گه‌یشتوونه‌ته‌ وڵاتانی‌ ئه‌وروپا.

 

له‌ناوچه‌كانی‌ ژێر فه‌رمانڕه‌وایی‌ داعشدا وه‌ك موسڵ‌و حه‌ویجه‌و شرگات‌و هیت، بارودۆخه‌كه‌ كه‌مێك جیاوازتره‌، چونكه‌ له‌وێ‌ داعش مۆڵه‌تی‌ سه‌فه‌ركردنی‌ داوه‌ته‌ ده‌ست چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كی‌ دیاریكراوو ته‌نها ئه‌وان بۆیان هه‌یه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ دیاری‌ بكه‌ن كه‌ ده‌یاننێرنه‌ ده‌ره‌وه‌، پاشتر له‌خاڵه‌كانی‌ پشكنینی‌ سوپای‌ عێراقی‌‌و سوری ده‌ربازیان ده‌كه‌ن‌و له‌رێی‌ توركیاوه‌ ده‌یانگه‌یه‌ننه‌ ئه‌وروپا.

 

به‌پێی‌ به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ك كه‌ ده‌ست "نیقاش" كه‌وتووه‌، داعش چه‌ند نوسینگه‌یه‌كی‌ پێدانی‌ مۆڵه‌تی‌ سه‌فه‌ركردنی‌ له‌ناوچه‌كانی‌ ژێر فه‌رمانڕه‌وایی‌ خۆیدا كردووه‌ته‌وه‌و دیاریشی‌ كردووه‌ كێ‌ به‌ڕێوه‌یان ببات.

 

ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ داعش هاتوونه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ سه‌رجه‌م مه‌رجه‌كانیان جێبه‌جێ‌ كردووه‌، به‌ڵام رێگه‌یان پێنه‌دراوه‌ له‌و كاتانه‌دا بچنه‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ شاره‌كان كه‌ خۆیان دیارییان كردووه‌.

 

محه‌مه‌د فه‌لاحی‌ یه‌كێكه‌ له‌ئاواره‌كانی‌ شاری‌ فه‌لوجه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "داوایان لێكردوم بیسه‌لمێنم كه‌ پێویستم به‌نه‌شته‌رگه‌رییه‌، سه‌لماندم، داوای‌ تاپۆی‌ خانوو گه‌ره‌نتیان كرد، هه‌مووم خسته‌ به‌رده‌ستیان، كه‌چی‌ هه‌ر مۆڵه‌تیان نه‌دامێ‌ تا ئه‌و كاته‌ی‌ سوپای‌ عێراق هات‌و ئازادیان كردین".

 

فه‌لاحی‌ ده‌شڵێت "كه‌سه‌ دیاره‌كانی‌ داعش هه‌ركاتێك بیانویستایه‌ ده‌یانتوانی‌ بچنه‌ ده‌ره‌وه‌، ته‌نانه‌ت به‌شێكیان هه‌ر نه‌شگه‌ڕانه‌وه‌، كه‌چی‌ داعش نیگه‌ران نه‌بوو".

 

به‌پێی‌ قسه‌ی‌ پسپۆڕان داعش كاروباری‌ رێكخستنه‌كانی‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ عێراق‌و سوریا به‌شێوه‌یه‌كی‌ جیاواز رێكده‌خات، بۆ ئه‌وه‌ی‌ به‌ئاسانی‌ ئاشكرا نه‌بن.

 

هاشم هاشمی‌ پسپۆڕی‌ كاروباری‌ گروپه‌ چه‌كداره‌كان ده‌ڵێت "داعش له‌ده‌ره‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ لامه‌ركه‌زی‌ شانه‌كانی‌ رێكخستووه‌و له‌بابه‌ته‌ ئه‌منی‌‌و سه‌ربازییه‌كاندا خۆیان بڕیار ده‌ده‌ن‌و رێكی‌ ده‌خه‌ن".

 

هاشمی‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "به‌م هۆیه‌وه‌ داعش توانیوێتی‌ له‌ناوچه‌ جیاجیاكانی‌ جیهان بمێنێته‌وه‌و چالاكی‌ ئه‌نجام بدات، چونكه‌ شێوازی‌ لامه‌ركه‌زی‌ سه‌ربه‌ستی‌ جوڵه‌و چالاكی‌‌و پشتیوانیان ده‌داتێ‌".

 

پێی‌ وایه‌ ئه‌و هێرشانه‌ی‌ له‌ماوه‌ی‌ رابردوودا له‌وڵاتانی‌ ئه‌وروپاو ئه‌مه‌ریكا ئه‌نجام دران‌و داعش به‌رپرسیارێتییه‌كه‌ی‌ راگه‌یاندن، ده‌رخه‌ری‌ ئه‌و راستییه‌یه‌ كه‌ "لامه‌ركه‌زییه‌ته‌كه‌ی‌ داعش ده‌توانێ‌ سنوری‌ وڵاتان ببڕێت".

 

هاشمی‌ ده‌شڵێت "بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ ناوو وێنه‌ی‌ ئه‌نجامده‌ری‌ كرده‌وه‌ توندوتیژییه‌كان‌و ورده‌كاری‌ له‌سه‌ر ژیانیان له‌كاتێكدا CIAو FBI ناتوانن ئه‌و كاره‌ بكه‌ن، ئه‌و راستییه‌ ده‌رده‌خات كه‌ ئه‌نجامده‌ری‌ كاره‌كه‌ سه‌ر به‌داعشه‌و پێشتر له‌سه‌ر كاره‌كه‌ رێككه‌وتوون‌و به‌ر له‌ئه‌نجامدانی‌ هه‌واڵ‌و وێنه‌كه‌ی‌ ئاماده‌كراوه‌".

 

له‌پاڵ ئه‌مانه‌دا به‌پێی‌ زانیاری‌ كه‌سه‌ پسپۆڕه‌كان داعش ئێستا سه‌رقاڵی‌ دروستكردنی‌ تۆڕێكی‌ ئه‌لكترۆنییه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ هه‌ماهه‌نگی‌ له‌نێوان ئه‌ندامه‌كانیدا دروست بكات له‌وڵاتانی‌ جیاجیای‌ جیهان، هێشتا شێوه‌ی‌ ئه‌م تۆڕه‌ له‌ئیمه‌یل‌و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان‌و ئاپه‌كانی‌ مۆبایلدا خۆی‌ ده‌بینێته‌وه‌، بۆیه‌ وه‌ك كیانێكی‌ نه‌بینراو مامه‌ڵه‌ ده‌كات‌و توانای‌ راسته‌قینه‌ی‌ خۆی‌‌و ژماره‌ی‌ ئه‌ندامه‌كانی‌ ده‌رنه‌كه‌وتوون.

 

به‌پێی‌ فۆڕمێك كه‌ ده‌ست "نیقاش" كه‌وتووه‌، داعش ژماره‌ی‌ كوژراوه‌كانی‌ كۆده‌كاته‌وه‌و كه‌سوكاره‌كه‌یان له‌وڵاته‌ دووره‌ ده‌سته‌كان ئاگادار ده‌كاته‌وه‌، ئه‌مه‌ش به‌ڵگه‌یه‌كی‌ تره‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ ئه‌و گروپه‌ بێ‌ هیچ ترسێك له‌ئاشكرابوون‌و چاودێری‌، ئیمه‌یل‌و كه‌ره‌سته‌ ئه‌لكترۆنییه‌كانی‌ تر به‌كارده‌هێنێت.

 

تێبینی‌: ناوی‌ ئه‌ندامه‌كانی‌ داعش‌و كه‌سوكاریان، خوازراون.

سەرچاوە / نیقاش


ڕێبین عەلی