گه‌ڕان به‌دوای ئه‌و سه‌ربازانه‌دا که‌ هێرشیان کرده‌ سه‌ر هۆتێله‌که‌ی ئه‌ردۆغان به‌رده‌وامه‌

29/07/2016 - 14:32 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/گشتی

 

گه‌ڕان به‌دوای ئه‌و 11 سه‌ربازه‌دا درێژه‌ی هه‌یه‌ که‌ لە میانی هەوڵی ئەنجامدانی کودەتاکەدا هەڵیانکوتابوویە سەر ئەو هۆتێلەی کە سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان لە شارۆچکەی مارماریسی سەربە پاریزگای موغڵا جێی هێشتبوو.

له‌چوارچێوه‌ی گه‌ڕان و هه‌وڵه‌کانی ده‌ستگیرکردنی ئه‌و سه‌ربازانه‌، له‌ شارۆچکه‌ی ئوڵا و دارستانه‌کانی ده‌ورووبه‌ری گه‌ڕان و پشکنین چڕکراوه‌ته‌وه‌ و هه‌ریه‌ک لە فه‌رمانده‌یی لیوای کۆماندۆی دووی جه‌ندرمه‌ی بۆرنۆڤا و فه‌رمانده‌یی جه‌ندرمه‌ له‌ موغڵا له‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌که‌دا به‌ 300 کۆماندۆ، 200 جه‌ندرمه‌، 100 پۆلیسی هێزی تایبه‌ت به‌پشتیوانیی شه‌ش هێلیکۆپته‌ر و سێ فڕۆکه‌ و فڕۆکه‌یه‌کی بێ فڕۆکه‌وان به‌شدارن.

له‌کاتێکدا له‌و ناوچانه‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌کان به‌مه‌به‌ستی پشکنین ئۆتۆمبیله‌کان راده‌گرن، وێنه‌ی سه‌ربازه‌ هه‌ڵاتووه‌کان به‌سه‌ر هاووڵاتییاندا دابه‌ش ده‌کرێت به‌مه‌به‌ستی هاوکاریکردن لە ده‌ستگیرکردنیان.

لای خۆیشییانه‌وه‌ به‌له‌مه‌کانی هێزه‌کانی ئاسایشی که‌ناراوه‌کان، دوورگه‌ی سیمی وناوچه‌کانی بۆزبورون و داتچا له‌ڕێگه‌ی کامێرای تایبه‌ته‌وه‌ ده‌پشکنن. له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌گه‌ری هه‌ڵاتنی سه‌ربازه‌ کوده‌تاچییه‌کاندا بۆ یۆنان، سێ که‌شتی هێزه‌ ده‌ریاییه‌کانی تورکیا له‌سه‌ر سنووری ده‌ریایی ئه‌و وڵاته‌ له‌ گه‌ڕان و پشکنین به‌رده‌وامن.

 

م. كانی