ئەڵمانیا هۆشداریەكی توند دەداتە هاونیشتیمانیانی لە ئەگەر ئەنجامدانی هێرشی تیرۆریستی

23/08/2016 - 15:38 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/گشتی

 

كوردیو - تایبەت

حوكمەتی ئەڵمانیا لە پلانی ئەوەدایەكە بە هاونیشتیمانیانی بڵێت كە خۆراك و ئاو بە بڕی پێویست زەخیرە بكەن لە ماڵەكانیاندا لە ئەگەری ڕوودانی كردەوەی تیرۆریستی یاخود كارەساتی سروشتیدا.

لە چوارچێوەی بیرۆكەی "بەرگری مەدەنیدا" كە تا ئێستا كارا نەكراوە داوا لە هاوڵاتیان دەكرێت كەوا بڕی پێویست لە خۆراك هەڵبگرن بەشی ١٠ ڕۆژ بە گوێرەی ڕۆژنامەی "فاز"ی ئەڵمانی، هەروەها بڕی پێویست لە ئاو زەخیرە بكەن بەشی ٥ ڕۆژ. بە جۆرێك كە ئامارەكان ئاماژە بە زیاد كردنی ژمارەی پۆلیس و هێزی ئەمنی دەكەن لەگەڵ ئەوەشدا دامەزراندنی یەكەیەكی هێزی تایبەت بۆ جەنگی دژ بە تیرۆر و هاككەران .

وتەبێژێك بە ناوی وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا ڕایگەیاندووە: پلانەكە لەم كابینەیەی حوكمەتدا لە ڕۆژی چوارشەمە گفتوگۆی لەسەر دەكرێت و دواتر لە لایەن وەزیرەوە پێشكەش دەكرێت لە دوای نیوەڕۆی هەمان ڕۆژ، بەڵام ڕەتی كردەوە كە باسی ناوەڕۆكی پلانەكە بكات بە تەواوی. 

لە ئێستادا ئەڵمانیا لە حاڵەتی تەنگەتاویدایە ئەویش دوای دوو هێرشی توندئاژۆكان لە میونیخ و هێرشی گەنجێكی ئەڵمانی كە دەگوترا باری دەروونی تەواونەبووە لە مانگی ئەیلولی ڕابردوو. هەر بە گوێرەی ڕۆژنامەی "فاز"ی ئەڵمانی پرۆژەكە خوێندنەوەی یەكەمی لە پەڕلەمان لە ساڵی ٢٠١٢ بۆ كراوە.

لە ڕاپۆرتە ٦٩ پەڕەییەكەدا باس لە هێرشی سەربازی یاخود كارێكی لەو جۆرە نەكراوە. بەڵام ئاماژەی بە پێویستی بەهێزكردنی سیستەمی ئاگاداركردنەوە باڵەخانەكان و زیاتر پتەو كردنی سیستەمی تەندروستی كردووە .

وەزیری بەرگری ئەڵمانیا لەم دواییانەدا ووتی كە ئەم مانگە مانگی" بە ئەمانج گرتنی تیرۆریزمە" و داوای لە هێزە سەربازییەكان كرد بۆ ئەوەی لەگەڵ هێزەكانی پۆلیس ئامادەكارییەكانیان بكەن بۆ ئەوەی ڕووبەرووبوونەوەی هێرشی گەورەی تیرۆریستی .

 

سەرچاوە: ئیندیپێندێنت

وەرگێڕان: ئاوات مەولود عەبدوڵا

م. كانی