به‌ریتانیا كاتی ده‌ستكردن به‌پرۆسه‌ی‌ جیابونه‌وه‌ له‌ یه‌كێتی ئه‌وروپا راگەیاند

دوو شەممە, 20 ئازار 2017 12:43

 

هەفتەی داهاتوو سه‌رۆك وه‌زیرانی به‌ریتانیا، به‌فه‌رمی یه‌كێتی ئه‌وروپا ئاگادارده‌كاته‌وه‌ له‌ ده‌ستپێكردنی‌ جێبه‌جێكردنی پرۆسه‌ی جیابوونه‌وه‌ له‌یه‌كێتییه‌كه‌.

لە هەولێكدا بی بی سی بڵاویكردەوە، دوای نۆ مانگ له‌ ده‌نگدانی زۆرینه‌ی گه‌لی به‌ریتانیا بۆ جیابوونه‌وه‌ له‌ یه‌كێتی ئه‌وروپا، به‌و هه‌نگاوه‌ی تێرێزا مه‌ی ده‌ستده‌كرێت به‌ پرۆسه‌ی جیابوونه‌وه‌ دوای‌ دووساڵ دانوستان له‌باره‌ی جیابوونه‌وه‌ی به‌ریتانیا له‌ یه‌كێتی ئه‌وروپا.

تێریزا مه‌ی كه‌ له‌دوای بڕیاری جیابوونه‌وه‌ی ئه‌و وڵاته‌ له‌یه‌كێتی ئه‌وروپا پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانی وه‌رگرت، له‌ رۆژی 17ی ئه‌م مانگه‌دا رایگه‌یاند:‌ پلانه‌كانی له‌باره‌ی چونه‌ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا له‌یه‌كێتی ئه‌وروپا ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ ئه‌و وڵاته‌ ناتوانێت له‌ناو یه‌ك بازاڕی یه‌كێتی ئه‌وروپادا بمێنێته‌وه‌، به‌ڵام به‌دوای رێكه‌وتنێكدا ده‌گه‌ڕێت كه‌ به‌شێك له‌لایه‌نه‌كانی ئه‌ندامێتی تێدابێت.

دوای ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی به‌ریتانیا له‌ 23ی حوزه‌یرانی ساڵی 2016 دا به‌رێژه‌ی سه‌دا 51.9 ده‌نگیاندا بۆ ده‌رچوون له‌یه‌كێتی ئه‌وروپا، به‌رپرسانی یه‌كێتیه‌كه‌ جه‌ختیانكرده‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ ئه‌و وڵاته‌ به‌خێرایی ده‌ستبكات به‌ ڕێوشوێنه‌كانی جیابوونه‌وه‌ له‌یه‌كێتی ئه‌وروپا به‌پێی مادده‌ی 50ی رێككه‌وتننامه‌ی لیزبۆن.

به‌پێی مادده‌ی 50ی ئه‌و رێككه‌وتننامه‌یه‌ی ساڵی 2007ی یه‌كێتی ئه‌وروپا، هه‌ر ئه‌ندامێكی یه‌كێتیه‌كه‌ ئازاده‌ بچێته‌ ده‌ره‌وه‌ به‌ڵام پێویسته‌ داوایه‌ك سه‌باره‌ت به‌مادده‌كه‌ به‌رزبكاته‌وه‌، تا پرۆسه‌ی دانوستانی په‌یوه‌ندی داهاتووی له‌گه‌ڵ یه‌كێتییه‌كه‌ ده‌ستپێبكات وكه‌مترین ماوه‌ی جێبه‌جێكردنی مادده‌ی 50 بریتیه‌ له‌دووساڵ.

له‌باره‌ی بڕیاره‌كه‌یانه‌وه‌ ده‌یڤید ئیدمۆند نیۆبێرگه‌ر سه‌رۆكی دادگای باڵای به‌ریتانیا ڕایگه‌یاندووه‌: پرۆسه‌ی چوونه‌ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا له‌ یه‌كێتی ئه‌وروپا یاساكانی به‌ریتانیا ده‌گۆڕێت و ئه‌و مافه‌ یاساییانه‌ی ئێستا هاوڵاتیانی به‌ریتانی لێی سوودمه‌ندن له‌ده‌ستیان ده‌چێت.

سه‌رۆكی دادگای باڵای به‌ریتانیا وتیشی: به‌پێی بنه‌ماكانی ده‌ستووری به‌ریتانیا گۆڕانكاری له‌وجۆره‌ پێویسته‌ به‌ڕوونی له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه‌ بریاری لێ بدرێت.

 

ش.م