ئێران : ئێمە دەمانەوێت نەوتەكەمان بفرۆشین

28/06/2019 - 05:39 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/گشتی

 

 

بەرپرسێكی ئێرانی رایگەیاند، داوای سەرەكی وڵاتەكەی لە دانووستانە تایبەتییەكانی ڕێكەوتنە ناوەكییەكەدا ئەوەیە بتوانێت نەوتی وڵاتەكەی بفرۆشێت بە هەمان ئەو ئاستەی پێش كشانەوەی ئەمریكا لە ڕێكەوتنە ناوەكییەكەدا.

ئێران هەڕەشەی ئەوە دەكات بەپێی ڕێكەوتنەكە یۆرانیۆمی پیتێنراو لە كۆگاكانیدا زیادبكات، ئەوەش وەكو وەڵامدانەوەیەك بۆ سزا ئابوورییەكانی ئەمریكا بۆ سەر تاران، دیبلۆماتكاران دەڵێن : ئەگەر ئێران ئەو كارە بكات ئەوا لەوانەیە ڕێكەوتنەكە پێشێل بكات و ئەوەش دەبێتە هۆی نەمانی ڕێكەوتنەكە.

ئەم لێدوانانەی ئەو بەرپرسە ئێرانییە پێش دانووستانەكانی ئەمڕۆ دێت لەنێوان بەرپرسانی باڵای ئێران و وڵاتانی دیكەی بەشدار لە ڕێكەوتنەكەدا، ئامانج لەم كۆبوونەوەیە ڕزگاركردنی ڕێكەوتنەكەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەدا كە ئەوروپا ناتوانێت ئابووری ئێران لە سزاكانی ئەمریكا بپارێزێت، ڕوون نیە دەتوانرێت چی بدرێت بە ئێران لەو دەستكەوتە ئابوورییانەی كە دەیەوێت.

بەرپرسەكە كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت لە ڤییەنا بە ڕۆژنامەنووسانی وت، داواكاری ئێمە چیە ؟ داواكاری ئێمە ئەوەیە بتوانین نەوتی خۆمان بفرۆشین و دووبارە پارەمان دەستبكەوێتەوە، ئەوەش لە ڕاستیدا كەمترین سوودە وەریدەگرین لە ڕێكەوتنە ناوەكییەكەدا.

وتیشی : ئێمە داوا لە ئەوروپییەكان ناكەین وەبەرهێنان لە ئێراندا بكەن، ئێمە تەنها دەمانەوێت نەوتەكەمان بفرۆشین.

وڵاتانی ئەوروپی و ئێران هۆكارێكیان دامەزراند بۆ بازرگانیكردن لەنێوانیاندا بە ناوی (ئینستێكس) كە بەپێی ئەو سیستەمە دەتوانرێت هەردوولا پارە بۆ یەكتر بگوازنەوەو دراوی دۆلار بەكارنەهێنن، بەڵام هێشتا چاڵاك نەكراوەو دیبلۆماتكاران دەڵێن: ئەو سیستەمە تەنها مامەڵە لەگەڵ بڕە پارەی كەمدا دەكات وەكو دەرمان نەك بەكاربهێنرێت بۆ فرۆشتنی ئەو نەوتە زۆرەی ئێران باسی لێوەدەكات.

بەرپرسە ئێرانییەكە وتی: یان ئەوەتا ئەوروپییەكان نەوتەكەمان لێبكڕن، یان ئەوەتا پارەی نەوتەكەمان بدەنێ.