ئێران هەڕەشە لە بەریتانیا دەكات

06/07/2019 - 09:23 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/گشتی

 

 

سكرتێری ئەنجوومەنی دیاریكردنی بەرژەوەندییە باڵاكانی ئێران لەسەر دەستبەسەردا گرتنی كەشتییەكی نەوتبەری ئێران لەلایەن بەریتانیاوە دەڵێت: ئەگەر كەشتییە نەوتبەرەكەمان ئازاد نەكرێت، ئەرك ئەوەیە كە دەستبەسەر كەشتییەكی نەوتبەری بەریتانیا بگرین.

كەشتییەكی نەوتبەری ئێران بەناوی (گریس یەك) كە لە ئێرانەوە نەوتی بەرەو بەندەری بانیاس لە سوریا دەبرد، لەلایەن هێزی دەریاوانی پاشایی بەریتانیاوە لە (جەبەل تارق) دەستیبەسەردا گیرا، كاربەدەستانی ئێران ئەو هەواڵەیان پشتڕاستكردەوەو كاردانەوەیان نیشاندا.

لەو بارەیەوە (موحسین ڕەزایی) سكرتێری ئەنجوومەنی دیاریكردنی بەرژەوەندییە باڵاكانی ئێران لە تویتێكدا، لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر نووسیویەتی: ئەگەر بەریتانیا كەشتییە نەوتبەرەكەی ئێران ئازاد نەكات، ئەركی دەزگا بەرپرسەكانە، لە كردەوەیەكی هاوشێوەدا دەستبەسەر كەشتییەكی نەوتبەری بەریتانی بگرن.

لەلایەن خۆشیەوە (عەباس موسەوی) وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاندبوو: دوابەدوای دەستبەسەراگرتنی كەشتییەكەمان لەلایەن بەریتانیاوە، باڵیۆزی بەریتانیا بانگهێشتی وەزارەتی دەرەوە كراو ناڕەزایەتی توندی ئێرانی پێڕاگەیەندرا.