ئیسرائیل بەتووندی هۆشداری بە ئێران دەدات

10/07/2019 - 09:20 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/گشتی

 

 

سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل هۆشیاریدایە ئێران و رایگەیاند، لەبەردەم ئامانجی فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیلدایەو ئاماژەی بە هەڕەشەكانی ئێران كرد بۆ لەناوبردنی ئیسڕائیل.

(بنیامین نەتنیاهۆ) سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لە لێدوانێكی ئاشكرادا لە بنكەیەكی ئاسمانی ئیسڕائیل وتی، لەمدواییانەدا ئێران هەڕەشەی لەناوبردنی ئیسڕائیلی دەكرد، دەبێت لەبیری بێت ئەم فڕۆكانە دەتوانن بگەنە هەر شوێنێك لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ئێران و بێگومان سوریاشەوە.

دەزگای هەواڵی میهری ئێرانی هەفتەی ڕابردوو لەزاری پەرلەمانتارێكی باڵای ئێرانەوە بڵاویكردەوە، ئەگەر ئەمریكا هێرش بكاتە سەر ئێران ئەوا ئێران لە نیو كاتژمێردا ئیسرائیل لەناودەبات.

جێگەی ئاماژەیە ئیسرائیل هەمیشە وتوویەتی، هەموو بژاردەكان لەسەر مێزی گفتوگۆن بۆ ئەوەی ڕێگە نەدەن بە ئێران چەكی ناوەكی پەرەپێبدات و پشتیوانی لە بەڵێنەكانی خۆی كردووە سەبارەت بەوەی ڕێگە نەدات ئێران لە سوریاوە هێرش بكاتە سەر ئیسرائیل.