ئێران ئامادەیی بۆ وتوێژ لەگەڵ ئەمریكا دەربڕی

15/07/2019 - 08:35 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/گشتی

 

 

ئەوە نوێترین كاردانەوەی ئێران بەرامبەر بە پێشنیازی وتووێژی بێ مەرجی سەرۆكی ئەمریكا ترامپە.

ئاژانسی ڕۆیتەرز وتەی (حەسەن ڕۆحانی) سەرۆك كۆماری ئێران دێنێتەوە كە ئەگەر ئەمریكا گەمارۆكان لابەرێت، وڵاتەكەی ئامادەی وتووێژ لەگەڵ ئەمریكایە.

لەگەڵ ئەوەی كە (دۆناڵد ترامپ) تاكو ئێستا چەندین جار پێشنیاری وتووێژی بێ مەرجی لەگەڵ ئێران كردبوو، تا پێش ئەو لێدوانەی (حەسەن ڕۆحانی) كاربەدەستانی ئێران و حكومەتەكەی هەر چەشنە وتووێژێكیان وەلا نابوو.

لە كاردانەوە بە پەرەسەندنی گرژییەكان، سەرۆكی ئەمریكا لە وتووێژی لەگەڵ پەیامنێران، پێش ئەوەی كۆشكی سپی جێبهێڵێت، وتی : كە ئێران لە دۆخی زۆر مەترسیدار دایەو دەبێت هوشیار بێت.

سەرۆكی ئەمریكا تویتەردا وتبووی : بە زوویی گەمارۆكانی سەرەكی بۆ سەر ئێران دەسەپێنرێن، لەزانیاری زیاتر سەبارەت بە ئەو گەمارۆیانەو كاتی سەپاندنیان هەواڵێك تا ئێستا بڵاونەبۆتەوە.

سەرۆكی ئەمریكا رۆژێك پێشترو لە ماوەی چاوپێكەوتنی لەگەڵ میری قەتەر لە كۆشكی سپی سەبارەت بەو كارە زۆر خراپانەی كە ئێران دەیكات هۆشداری دابوو و وتبووی : ئێران دەبێت زۆر هۆشیاربێت.

سەرۆكی ئەمریكا هەروەها سەبارەت بە پێشگرتن لە ئێران كە دەستی بە چەكەكانی ناوكی ڕانەگات و لە پەیوەندی ڕەفتاری ئێران كە بوونەتە هۆی ناسەقامگیری لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست، لەگەڵ سەرۆك كۆماری فەڕەنسا وتووێژی كرد.

(یوكیا ئامانۆ) سكرتێری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی پشتڕاستی كردەوە، كە ئێران پلەی پیتاندنی یوڕانیۆمی بەرزكردۆتەوە.