ترەمپ: ئەمریكا ناتوانێت فڕۆكەی جەنگی F-35 بە توركیا بفرۆشێت

17/07/2019 - 10:28 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/گشتی

 

سەرۆكی ئەمریكا لە كۆشكی سپی لەسەر پرسی كرینی سیستەمی بەرگری ئاسمانی S-400 لەلایەن توركیا لەبارەی F-35 ڕایگەیاند: ئەمریكا ناتوانێت فڕۆكەی جەنگی F-35 بە توركیا بفرۆشێت


بە گوێرەی هەواڵێكی ئاژانسی فەرمی توركیا، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە كۆبوونەوەی كابینەكەی لە كۆشكی سپی لەسەر پرسی كرینی سیستەمی بەرگری ئاسمانی S-400 لەلایەن توركیا لەبارەی F-35 هەڵسەنگاندنی خۆی كردو ڕایگەیاند: لە سەردەمی باراك ئۆبامادا سیستەمەكانی پاتریۆت بە توركیا نەفرۆشراوەو بەوهۆیەوە رەخنەی لە ئیدارەی پێشوو گرت و ووتیشی بەو هۆیەوە توركیا سیستەمی S-400ی لە رووسیا كڕیوە.


ترەمپ ئاماژەی بەوەدا كە ئەوان لەو دۆخەی توركیا تێدەگەن كە تێی كەوتووە و ووتی: ئەو دۆخەی ئەوانی تێدان زۆر سەختە، ئێمەش وەك ئەمریكا كەوتووینەتە دۆخێكی سەختەوە، ئەمریكا، ناتوانێت فڕۆكەی جەنگی F-35 بە توركیا بفرۆشێت كە هاوپەیمانی ناتۆیە لەبەر ئەوەی سیستەمی مووشەكیی لە رووسیا كڕیوە.


ئەوەشی خستەڕوو: دۆخێكی زۆر سەختە بەڵام لەسەری كار دەكەین دەیبینین كە چی روودەدات بەڵام ئەمە هیچ دادپەروەرانە نییە .