ئەمریكا، توركیا لە پرۆگرامی ئێف 35 دووردەخاتەوە

18/07/2019 - 09:22 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/گشتی

 

 

ئەمریكا رایگەیاند، توركیا لە پڕۆگرامی فڕۆكەی جەنگی ئێف 35 دووردەخاتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی ئەنقەرە سیستەمی بەرگری ڕووسی ئێس 400 ی لە ڕووسیا وەرگرت و واشنتۆنیش دەمێكە وتوویەتی: ئەگەر توركیا ئەو سیستەمە لە ڕووسیا بكڕێت ئەوا لە پڕۆگرامی بەرهەمهێنانی ئێف 35 دووری دەخاتەوە.

هەینی رابردوو یەكەمین بەشی سیستەمی بەرگری موشەكی ئێس 400 گەیشتە توركیا، ئەمەش جێبەجێكردنی ئەو گرێبەستە بوو كە توركیاو ڕووسیا واژۆیان كردبوو.

بریكاری وەزیری بەرگری ئەمریكا بۆ كاروبارەكانی فرۆشتن (ئیلین لۆرد) وتی: ئەمریكاو هاوبەشەكانی لە پڕۆگرامی ئێف 35 كۆكن لەسەر بڕیاری ڕاگرتنی توركیا لە بەشداریكردن لە پڕۆگرامەكەداو دەستپێكردنی پڕۆسەی دوورخستنەوەی لەو پڕۆگرامەدا.

فڕۆكەی جەنگی ئەمریكی ئێف 35 پێشكەوتووترین فڕۆكەی جەنگییە لە جیهانداو هاوپەیمانێتی ناتۆو هاوپەیمانەكانی دیكەی ئەمریكا بەكاری دەهێنن.

كۆشكی سپی لە بەیاننامەیەكدا وتی: فڕۆكەی ئێف 35 ناكرێت لەگەڵ سیستەمێكی ڕوسیدا بەكاربهێنرێت، چونكە ئەو سیستەمە ڕووسیە زانیاری لەو فڕۆكەكە وەردەگرێت و توانا پێشكەوتووەكانی ئاشكرا دەكات.