ئێران دەستی بەسەر گەشتییەكی نەوت هەڵگری بەریتانیادا گرت

20/07/2019 - 07:16 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/گشتی

 

 

سوپای پاسدارانی ئێران دەڵێت، دەستیگرتووە بەسەر كەشتیـیەكی نەوتی بەریتانیا لە تەنگەی هورمز بەهۆی پابەند نەبوونی بە یاساو ڕێسا نێودەوڵەتیـیەكانەوە.

ئاژانسی دەنگ‌ و باسی تەسنیمی نزیك لە پاسداران دەڵێت، ئۆفیسی پەیوەندیـیە گشتیـیەكانی سوپای پاسداران لە بەیاننامەیەكدا وتویەتی، دوێنێ‌ كەشتی بەریتانی stena impero لەو دەمەی بە تەنگەی هورمز تێپەڕدەبوو، پابەندی یاساو ڕێساكانی هاتوچۆی دەریایی لە ئاوی نێودەوڵەتی نەبووە.

دەشڵێت، بۆیە لەسەر فەرمانی دەسەڵاتدارێتی بەندەرو ناوچە دەریایـیەكان لە پارێزگای هورمزگان، كەشتیـیەكە لەلایەن یەكەیەكی هێزی دەریایی ناوچەی یەكی ئێرانەوە دەستی‌ بەسەردا گیراو بەرەو كەنارەكانی ئێران براوە بە مەبەستی پشكنینی و گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی لە بەرامبەری.

كۆمپانیای هەڵسوڕێنەری كارەكانی كەشتیـیەكە دەڵێت، پەیوەندیـیەكانیان بە كەشتیـیەكەوە بڕاوە.

ئەم كردارەی ئێران پاش چەند كاتژمێرێك دێت لەوەی دادگای باڵا لە دەسەڵاتدارێتی چیای تاریق فەرمانی كرد ئەو كەشتیـیە نەوتەی ئێران كە لە 4 مانگی حەوتەوە لەلایەن دەسەڵاتدارێتیـیەكەیانەوە دەستی‌بەسەرداگیراوە، بۆ ماوەی 30 ڕۆژی دیكەش بەو شێوەیە بیهێڵنەوە هەتا لە 15 مانگی هەشت دادگا لە دانیشتنێكی دیكە بڕیاری لەسەر دەدات.

جێگەی ئاماژەیە (حەسەن ڕوحانی) سەرۆكی ئێران چوارشەممەی ڕابردوو هۆشداری دا كە بەریتانیا ڕەنگە ڕووبەڕووی ئاكامەكانی دەستگرتن بەسەر ئەو كەشتیـیە نەوتەی ئێراندا ببێتەوە.