ئەمریكا سەربازو جبەخانە ڕەوانەی سعودییە دەكات

21/07/2019 - 09:09 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/گشتی

 

 

ئاژانسێكی هەواڵی سعودییە رایگەیاند، بۆ بەهێزكردنی ئاسایش و سەقامگیر ناوچەكە شا (سەلـمانی كوڕی عەبدولعەزیز) رەزامەندی دەربڕیوە هێزەكانی ئەمریكا لەسەر خاكی سعودییە جێگیر بكرێن.

لە بەیاننامەیەكدا وەزارەتی بەرگری ئەمریكا (پنتاگۆن) ئەم هەنگاوەی پشتڕاست كردەوەو رایگەیاند، لە داهاتوودا هێزو جبەخانە رەوانەی سعودییە دەكەین بۆ ئەوەی بەرووی هەڕەشەكانەوە بوستێتەوە.

سەرچاوەیەكی بەرپرس لە وەزارەتی بەرگری رایگەیاندووە، ئەو بڕیارە بۆ ئەوەیە ئاستی كاری هاوبەشی بواری بەرگری بۆ ئاسایش و سەقامگیری و مسۆگەركردنی ئاشتی بەرز بكەینەوە.

بەرپرسێكی ئەمریكیش وتویەتی، ئەو كردەوەیە ناردنی (500) سەربازی سوپای ئەمریكی بۆ سعودییە دەگرێتەوە، ئەوەش لەچوارچێوەی زیادكردنی هێزەكانیانە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست كە مانگی رابردوو پنتاگۆن رایگەیاندبوو.