بەهۆی ژێرئاوكەوتنی بەلەمێكەوە 150 كۆچبەر گیانیان لەدەستدا

28/07/2019 - 10:32 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/گشتی


ئاژانسی پەنابەرانی سەر بەنەتەوە یەكگرتووەكان ڕایدەگەیەنێت: بەهۆی ژێرئاوكەوتنی بەلەمێك لە دەریای ناوەڕاست 150 كۆچبەر بێسەروشوێن بوون، گومان دەكرێت سەرجەمیان خنكابن.


بە گوێرەی هەواڵێكی دەزگای لوتكە بۆكاروباری پەنابەران، ئاژانسی پەنابەرانی سەر بەنەتەوە یەكگرتووەكان زانیاری لەسەر ژێرئاوكەوتنی بەلەمێك داوە كە رۆژی پێنجشەممە نزیكەی 300 كۆچبەر لە بەلەمێكدابوون و بەلەمەكە لە دەریای ناوەڕاست ژێرئاو كەوتوە .


هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: لەو ڕوداوەدا 150 كۆچبەر دیارنەماون و گومان دەكرێت خنكابن، كە لە نێویاندا منداڵ و ژن هەن، زۆربەیان خەڵكی وڵاتانی ئەفریقان.


هاوكات هێزی پاسەوانی دەریایی لیبیا، رایگەیاندووە، بەلەمەكان بە دووری 120 كیلۆمەتر لە تەرابلوسی پایتەختی لیبیا نوقم بوونە، تواندراوە تەنیا 147 كۆچبەر رزگاربكرێن و نزیكەی 150 كۆچبەریش دیار نەماون.


ئەمە گەورەترین رووداوی ژێرئاوكەوتنی بەلەمی كۆچبەرانە لە ساڵی 2019 لە دەریای ناوەڕاست روویدابێت و 150 كەس لە یەكاتتدا گیان لەدەستبدەن، بەپێی ئامارەكانی نەتەوە یەكگرتووەكانیش تەنها لەمساڵدا زیاتر لە 600 كۆچبەر لە دەریای ناوەڕاست گیانیان لەدەستداوە.