ترامپ : نامەیەكی باشم لە سەرۆكی كۆریای باكوورەوە پێگەیشتووە

10/08/2019 - 08:37 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/گشتی

 

 

سەرۆكی ئەمریكا دەڵێت، نامەیەكی سێ لاپەڕەیی باشی لە (كیم جۆنگ ئون) ڕێبەری كۆریای باكور پـێگەیشتووە، بۆیە ئەگەری هەیە جارێكی دیكە پـێكەوە كۆببنەوە.

(دۆناڵد ترامپ) سەرۆكی ئەمریكا وتی، نامەكەی لەرۆژی پێنج شەممەوە بەدەست گەیشتووەو زۆر ئەرێنی بووە، بۆیە لەو بڕوایەدایە جارێكی دیكە كۆببنەوە.

وتیشی، كیم جۆنگ ئون لە نامەكەی ناڕەزایی بەرامبەر مانۆڕە سەربازییەكانی نێوان ئەمریكاو كۆریای باشوور دەربڕیوەو وتویەتی، وڵاتەكەی وەك هەڕەشە لێی دەڕوانێت.

پاشان ئاماژەی بۆ تاقیكردنەوە موشەكیـیەكانی ئەم دوایـیانەی كۆریای باكور كردو وتی، جارێكی دیكە دەیڵێمەوە، هیچ تاقیكردنەوەیەكی ناوەكی ناكراوە، هەموو تاقیكردنەوەكان موشەكی مەودا كورت بوون و هیچ موشەكێكی بالیستی یان مەودا دور تاقی نەكراوەتەوە.

ترامپ لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوو سێ جار لەگەڵ كیم جۆنگ ئون كۆبۆتەوە، بەڵام هێشتا ئەنجامێكی ئەوتۆی لێنەكەوتۆتەوە كە مسۆگەری بكات كۆریای باكور دەستبەرداری چەكی ناوەكی دەبێت.