جیهان ڕوبەڕوی قەیرانێكی مەترسیدار دەبێتەوە ..عێراقیش دەگرێتەوە

17/08/2019 - 18:38 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/گشتی

هۆشداریدەدرێت لەسەرهەڵدانی قەیرانێكی مەترسیداری ئابوریی لەجیهان كە كاریگەری ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر داهاتی عیراق، ئەندامێكی لیژنەی داراییش ڕایدەگەیەنێت، "لەئێستادا دەستپێكی ئەو قەیرانە لەچەند وڵاتێك سەریهەڵداوەو چاوەڕواندەكرێت ساڵی 2020 بەتەواوەتی دروستبێت".

بەگوێرەی ڕاپۆرتی مێدیاكانی ئەمریكا، قەیرانێكی مەترسیداری ئابوریی لەهەردوو وڵاتی ئەمریكاو چین سەریهەڵداوە كە بریتییە لەبێ بازاڕی كەلوپەلە پیشەسازییەكان و پاشەكشەی سێكتەری پیشەسازیی.

د.جەمال كۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی لەئەنجومەنی نوێنەران  ڕایگەیاند، "دەستپێكی قەیرانێكی مەترسیداری ئابوریی دەركەوتوە كە لەئەمریكاو چین دەستپێكردوەو بریتییە لەبێ بازاڕیی ئابوریی (كساد الاقتصادی) كە سێكتەری پیشەسازیی گرتۆتەوە".

وتیشی:"ئێستا فرۆشی كەلوپەلە پیشەسازییەكانی هەردوو وڵاتی ئەمریكاو چین بەڕێژەی (1,2%) پاشەكشەیكردوەو لەبەریتانیاش بەڕێژەیەكی كەمتر دابەزیوە".

بەوتەی ئەو پەرلەمانتارە، ئەو قەیرانە كاریگەری دەبێت لەسەر عیراق و تەواوی وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت لەجیهان، چونكە كاتێك كەرتی پیشەسازیی پاشەكشە دەكات، كڕینی نەوتیش لەلایەن وڵاتە پیشەسازییەوە كەمدەبێتەوەو سەرئەنجام نرخی نەوت دادەبەزێت".

د. جەمال كۆچەر ئەوەشی بە سایتی سلێمانی وت:"بەدابەزینی نرخی نەوت، داهاتی گشتیی عیراق بەشێوەیەكی مەترسیدار كەمدەبێتەوە، بۆیە لەئێستادا ناتوانین پێشبینی بۆ دۆخی دارایی و بودجەی 2020ی عیراق و هەرێمی كوردستان بكەین".