داعش بەرپرسیارێتی خۆی لە تەقینەوەكەی كابول ڕاگەیاند

18/08/2019 - 16:36 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/گشتی

 


رێكخراوی تیرۆرستی داعش بەرپرسیارێتیی خۆی لەو هێرشە خۆكوژییە راگەیاند كە شەوی ڕابردوو لەناو زەماوەندێكدا لە باشوری كابولی پایتەختی ئەفغانستان ئەنجامدراو بەهۆیەوە 245 كەس بونە قوربانی.

 

رێكخراوی تیرۆرستی داعش لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاندووە: خۆكوژێكی سەربە رێكخراوەكەیان خۆی گەیاندوەتە ناو قەرەباڵغییەك و لەنێو قەرەباڵغییەكەدا پشتێنە بۆمبڕێژكراوەكەی تەقاندوەتەوە و دوای گەیشتنی هێزە ئەمنییەكانی ئەفغانستانیش، ئۆتۆمبیلێكی بۆمبڕێژكراویان تەقاندوەتەوە.

 


شەوی ڕابردوو لە كابول پایتەختی ئەڤغانستان خۆكوژێك لەناو ئاهەنگێكی بوك گواستنەوەدا كە سەدان كەس بەشداربوون خۆی تەقاندۆتەوەو بەهۆیەوە 63 كەس كوژران و 180 كەسیش برینداربوون.