كۆریای باكوور دەستوور دەگۆڕێت

30/08/2019 - 16:43 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/گشتی

 

 

كۆماری دیموكراتی گەلی كۆریا یان كۆریای باكوور بە سەرۆكایەتی (كیم جۆن ئون) سەرقاڵی دووبارە ڕێخستنەوەی دەستووری وڵاتەكەیەتی، ئەمەش بە یەكێك لە هەنگاوەكانی ڕێكەوتنی ئاشتی دادەنرێت لە نێوان (كیم جۆن ئون) و (دۆناڵد تڕامپ).

كۆریا لە ساڵی (1946) دوای ئەوەی لە ژێر دەستی ژاپۆندا ڕزگار كرا بە بڕیارێكی نەتەوە یەكگرتووەكان لە هێڵی پانی (38) بۆ دوو وڵات دابەشكرا ئەوانیش كۆریای باشوورو باكور، بەپێی ئەو ڕێكەوتنەی كرابوو كۆریای باكور كەوتە ژێر هەژموونی یەكێتی سۆڤیەتەوەو كۆریای باشوریش وەك لایەنگری ئەمریكا مایەوە.

دەستووری كۆریای باكور بە درێژایەتی حوكمرانی بنەماڵەی (كیم) گۆڕانكارییەكی ئەوتۆی تێدا نەكراوە بە تایبەتی كە (3) نەوەیە بنەماڵەی كیم فەرمانەڕەوایی كۆریای باكور دەكەن دەستوری ئەو وڵاتە لە كیمی باپیرەوە تا كیمی كوڕەزا جگە لە فەرمانە تاكە كەسییەكانی سەرۆك هیچ بڕگەیەك لە دەستوری وڵات بە شێوەی گۆڕانكاری نەگۆڕاوە.

گۆڕینی یەكێك لە بڕگەكانی دەستوری كۆریا بە تەواوی دەسەڵاتەكانی (كیم جۆن ئون) بەرز دەكاتەوە كە مافی ئەوەی دەبێت بێ‌ گەڕانەوە بۆ پەرلەمانی وڵاتەكەی بتوانێت سەرجەم كاروبارەكانی حكومەت ڕابپەرێنێت میدیا جیهانیەكانیش ئاماژەیان بەوە كردووە زیادكردنی دەسەڵاتەكانی سەرۆك بەپێی دەستوور وادەكات كیم دەستكراوەتر بێت لە ڕێكەوتن لەگەڵ ئەمریكا، هەروەها بەپێی گۆڕانكارییە دەستورییەكان دەسەڵاتی هەر یەكە لە سەرۆك وەزیران و فەرماندەی هێزە چەكدارەكان كەم دەكرێتەوەو لە بەرژەوەندی (كیم جۆن ئون) زیاد دەكرێتەوە.

زیادكردنی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی كۆریا لە دوای ئەوەوە دێت كە دیداری دووەمی نێوان (كیم جۆن ئون) و (دۆناڵد ترامپ) لەسەر بەرنامە ئەتۆمیەكەی كۆریای باكور بوو كە لە مانگی دووی ئەمساڵدا ڕایانگەیاندبوو، كۆبوونەوەكە هەنگاوێكی باشی بڕیوە بەرەو ڕێكەوتن.