کوڕێکی کورد لە لەندەن لەسەر بەرگریکردن لە کچێک دەکوژرێت

16/09/2019 - 18:41 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/گشتی

لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا، کوڕە کوردێک لەکاتی بەرگریکردن لە کچێک کە لەلایەن ژمارەیەک چەتە هێرشی کرابووە سەر، درایە بەرچەقۆ و دوای پێنج کاژێر و نیو گیانی لەدەستدا.

ئەو کوڕە کوردە ناوی یوسف کەریم ـە، تەمەنی 17 ساڵانە و قوتابی بەشی بازرگانی بووە لە کۆلێژی سیتی ئۆف وێست مینیستەر لە لەندەن.

بەگوێرەی شایەتحاڵان، کاتێک ژمارەیەک چەتە هێرشیان کردووەتە سەر کچێک، یوسف ویستوویەتی بەرگری لە کچەکە بکات، بەڵام شەڕەکە گەورەبووە، چەتەکان چەقۆیان دەرهێناوە و ئەو کوڕە کوردەیان داوەتە بەرچەقۆ.

یوسف لەبەردەم کۆمەڵە خەڵکانێک لە شەقامی ئێدوارد لە کاژێر 02:00ـی نیوەڕۆ درایە بەرچەقۆ و کە یەکێکە لە شەقامە قەرەباڵخەکانی لەندەن.

یوسف لەگەڵ خوشک و برا و دایکی لە نزیکی ئەو شوێنە ژیاوە، شایەتحاڵان باس لە بەجەرگی ئەو کوڕە دەکەن، دەڵێن پرسە ناگێڕین، چونکە ناتوانین بێنینە پێشچاومان کە مردووە.

یەکێکی دیکە دەڵێت دواین وشەی یوسف بە برینداری ئەوەبوو کە گوتی"یا ئەڵڵا".

کوشتنی یوسف دەبێتە 105ـەمین حاڵەتی کوشتن لە بەریتانیا لە ماوەی ئەمساڵدا و حەوتەمین کوشتن لەماوەی نۆ رۆژی رابردوودا. ئێستا پۆلیس شوێنی رووداوەکەی داخستووە، بەڵام هێشتا هێرشکارەکان دەستگیرنەکراون.

بەشێک لە هاوڕێکانی یوسفیش تاجەگوڵینەی رێزیان لە شوێنی کوشتنەکەی داناوە، یەکێک لە خزمەکانی دەڵێت "یوسف وەکو فریشتە وابوو و ئێستا ئەو لە بەهەشتە، ئەوێ شوێنێکی باشترە بۆ ئەو".


logo

Copyright © 2019 KURDIU. All Rights Reserved