سەرۆكی ڕێكخراوی تیرۆرستی داعش تۆمارێكی دەنگی 3 خولەكی بڵاو كردەوە

17/09/2019 - 15:39 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/گشتی

سەرکردەی چه‌كدارانی داعش بە بڵاو کردنەوەی گرتەیەکی دەنگی داوای ئازاد کردنی ژنە داعشییەکانی ناو زیندانەکانی عێراق و سووریای کرد.

بە پێی ڕاپۆرتی میدیای فیراق سەر بە گرووپی داعش ڕۆژی دووشەممە گرتەیەکی دەنگی کە وادیارە هی ئەبووبەکر بەغداییە، بڵاوی کردەوە.

لەم گرتە دەنگییە سێ خولەکییە، هاتووە: ئۆپراسیۆنە ڕۆژانەکانی داعش لە بەرە جیاوازەکان لە ئارادایە. ناوبراو لە درێژەدا بە بێ ئاماژە بە ڕێکەوتی ئەو جۆرە ئۆپراسیۆنانە ئاماژە دەکاتە سەر چەندین ناوچە لەوانە وڵاتی مالی و هەروەها ناوچەی شام.

لە بەشێکی تری گرتەكەدا، بەغدادی داوا لە پاڵپشتەکانی داعش دەکات تا ژنە دیلەکان لە کەمپەکانی عێراق و سووریا لە زیندان ئازاد بکەن.

شایەنی باسە کە هەزاران ژن لەوانە لە بڕێک وڵاتانی ئەورووپی و ئەفریقای باکوور بە قبووڵ کردنی یاسا دژە مرۆڤی و توندڕەوانەکانی داعش چوونەتە ڕیزی ئەو گرووپە چه‌كدارانه‌و زۆربەیان لە گەڵ ئەندامانی ئەو گرووپە زەواجیان کردووە.