دوو منداڵی ئێزدی لە خانەیەكی بێسەرپەرشتانی تورکیا دەدۆزرێنەوە

27/09/2019 - 10:06 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/گشتی

دوو منداڵی رفێنراوی ئێزدی كە خوشك و بران، چارەنووسیان ئاشكرا دەبێ‌ و ئێستا لە خانەیەكی بێسەرپەرشتانن لە شاری نەڤشەهیری توركیا. شاندێكی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا سەردانی ئەو دوو منداڵەیان كردووە.

سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگاكە دەڵێت: "مانگی داهاتوو لەڕێی دادگاوە بڕیار لە چارەنووسیان دەدرێت كە ئایا لەوێ‌ دەمێننەوە یان دەگەڕێنرێنەوە بۆ كەسوكاریان".

ئەمیر خودێدا حوسێن، تەمەن نۆ ساڵ، لەگەڵ خوشكە تەمەن 11 ساڵانەكەی بەناوی ئەمیرە، لەلایەن داعشەوە لە 2014 رفێنراون، دوو ساڵ و نیو لەمەوبەر لەلایەن خێزانێكی داعشەوە كە توركمان بوونە، دەبرێنە شاری نەڤشەهیری توركیا، بەڵام خێزانە داعشەكە لە ترسی ئاشكرابوونیان هەردوو منداڵەكە دەبەنە خانەیەكی بێسەرپەرشتان.

ئەو دوو منداڵە لە رێگەی خوشك برایەكی دیكەیانەوە لە سەرەتای ئەمساڵ دۆزرانەوە، پشكنینی DNAیان بۆ كراوە و دەركەوتووە كە خوشك و برای راستەقینەی ئەوانن.

سەرەتای ئەم مانگە، سەیدۆ شنگالی، سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بە یاوەریی چەند كەسایەتییەكی ئێزدی سەردانی توركیایان كردووە و چوونەتە خانەكە. سەیدۆ گوتی: "هەردوو منداڵەكەمان بینین، زۆر حەزیان دەكرد لەگەڵ ئێمە بگەڕێنەوە، بەڵام گەڕاندنەوەیان پێویستی بە هەندێك رێكاری دادگا هەبوو، نەمانتوانی لەگەڵ خۆمان بیانهێنینەوە".

بە گوتەی سەیدۆ شنگالی، ئەو دوو منداڵە لە رۆژی سێی ئابی 2014 لە گوندی وەردیەی سەر بە ناحیەی سنوونێ‌ لەگەڵ دایك و باوكیان لەلایەن داعشەوە رفێنراون. لە خێزانەكەی ئەوان تەنیا خوشك و برایەك رزگاریان بووە كە ئێستا لە خانكێ‌ دەژین.

ئەگەرچی سەیدۆ شنگالی بە مەبەستی هێنانەوەی ئەو دوو منداڵە سەردانی ئەو شارەی كردبوو، بەڵام دەڵێت سەرپەرشتیارانی خانەكە پێیانگوتبوو كە دۆسیەی ئەو دوو منداڵە لە دادگایە و هێشتا یەكلایی نەبووەتەوە، دەبێ‌ دادگا بڕیار لەبارەی ناردنەوەیان بۆ عێراق بدات. گوتیشی: "مانگی داهاتوو دادگا بڕیار لە چارەنووسیان دەدات".