ئێران هێرشی ئەلیكترۆنی كردەسەر هەڵمەتی هەڵبژارنەكانی ئەمریكا

05/10/2019 - 10:30 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/گشتی

 


كۆمپانیای زەبەلاحی ئەمریكی بواری تەكنەلۆژیا، مایكرۆسۆفت، ڕایدەگەیەنێت: هەزاران هەوڵی هاككردنیان دەستنیشانكردووە كە بۆ سەر هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی ٢٠٢٠ بوون و لە ئێرانەوە سەرچاوەیان گرتووە.

 

كۆمپانیای زەبەلاحی ئەمریكی بواری تەكنەلۆژیا، مایكرۆسۆفت ماڵپەڕی كۆمپانیاكەدا بڵاویكردەوە: بەم دواییانە چالاكی گرنگیی سایبەریی گرووپێكمان تێبینی كردووە كە پێمان وایە لە ئێرانەوە سەرچاوەی گرتووە، پەیوەندییان بە حكوومەتی ئەو وڵاتەوە هەیە و ناومان ناون فسفۆڕ.

 

ئەوەشی خستەڕوو: لە ٣٠ رۆژی مانگەكانی ئاب و ئەیلوولدا، ناوەندی هەڕەشەكان لە مایكرۆسۆفت ئەوەی دەستنیشانكردووە كە فسفۆڕ زیاتر لە دوو هەزار و ٧٠٠ هەوڵی بەمەبەستی پێناسەكردنی ئیمەیڵی ژمارەیەكی دیار لە بەكارهێنەرانی مایكرۆسۆفت ئەنجامداوە و دواتر هێرشی كردووەتە سەر ٢٤١ لەو هەژمارانە.

 

ئاماژە بەوەشكراوە: هەژمارەكان تایبەتن بە هەڵمەتی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا، كاربەدەستانی ئێستا و پێشووی ئەمریكا، رۆژنامەوانە نێودەوڵەتییەكان و ئەو ئێرانییانەی لە دەرەوەی ئەو وڵاتە دەژین.

 

لە ڕاگەیەندراوەكەدا ئەوەش هاتووە: ئەم زانیارییانە بۆیە بڵاودەكەینەوە چونكە پێمان وایە گرنگە لەرووی نیشاندانی ئەوەی كە وەك حكوومەتەكان یان سێكتەرەكانی كەرتی تایبەت زیاتر شەفاف بووین لەبارەی هێرشی دەوڵەتان و هەوڵەكانیان بۆ تێكدانی پرۆسە دیموكراتییەكان. پێویستە لەوبارەیەوە چاوكراوەتر بین و هەنگاوی پێویست لەبارەی ئاسایشەوە بهاوێژرێت.


جێگەی ئاماژە بۆكردنە بڕیارە هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی ئەمریكا لە ساڵی ٢٠٢٠ بەڕێوەبچێت و بەو پێیەش بێت ئێران دەیەوێت دەست وەربداتە هەڵبژاردنەكەوە.