نوێترین لێدوان ..ترەمپ قسه‌یه‌كی تری هه‌یه‌ بۆ كورد

08/10/2019 - 17:02 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/گشتی


ئەم ئێوارەیە دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (تویتەر)دا تویتێكی جیاواز لەوانەی دوێنێی بڵاوكردەوە و ئاماژەی بەوەدا كە كورد شەڕكەری چاكن و ئەمریكا پشتگوێیان ناخات. هەروەها نووسیویەتی توركیا هاوبەشێكی گەورەی بازرگانیی ئەمریكایە.


ترەمپ لە دواهەمین تویتیدا نووسیویەتی "زۆر کەس ئەوەی بیر چووە کە تورکیا هاوبەشێکی گەورەی بازرگانیی ئەمریکایە، لە ڕاستیدا ئەوە ئەوانن کە چوارچێوەی پۆڵایینی فڕۆکەی جەنگیی F-35مان بۆ دروست دەکەن. هەروەها مامەڵەکردنیان لەگەڵمان باش بووە، یارمەتیدەرم بوون لە پاراستنی گیانی چەندان کەس لە پارێزگای ئیدلیب".


هەروەها زیاتر پەسنی توركیای داوە بەوە "لە كاتێكدا قەشە پاستۆڕ بڕۆنسۆن لە توركیادا كاتێكی زۆری مابوو لە بەندیخانەدا بەسەری ببات، بەڵام توركیا لەسەر داوای من، بە تەندروستیەکی زۆر باشەوە گەڕاندیانەوە بۆ ئەمریکا".


ترەمپ دەشڵێ "گرنگە لە بیرتان بێت کە تورکیا ئەندامێکی گرنگی ناتۆیە".


لەبارەی كوردیشەوە، سەرۆكی ئەمریكا نووسیویەتی "لەوانەیە ئێمە لە پڕۆسەی بەجێهێشتنی تورکیادا بین، بەڵام ئێمە هەرگیز کوردەکانمان بەجێنەهێشتووە. ئەوان خەڵکی تایبەت و جەنگاوەری لێهاتوون. بەهەمان شێوەش پەیوەندیمان لەگەڵ تورکیا وەکو هاوبەشێكی بازرگانی و ئەندامێکی ناتۆ لە ئاستێکی باشدایە. کوردێکی زۆر لە تورکیادا هەن و تورکیا بە تەواوی لەمە تێدەگات. لە کاتێکدا ئێمە تەنها 50 سەربازمان لەو بەشەی سوریا بوو کە ئەوانیش لەوێ نەماون، هەر هێرشێکی تورکیا دەبێتە وێرانكاری بۆ ئابووریی وڵاتەكە و دراوە ناسکەکەیان، ئێمە لە ڕووی ئابووری و چەکەوە یارمەتی کوردەکان دەدەین".

ئەلبوومی وێنەکان