رۆژئاوای کوردستان: بانگەوازی بەرگری بەرامبەر هێرشەکانی تورکیا راگەیەندرا

09/10/2019 - 11:48 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/گشتی

ئیدارەی رۆژئاوای کوردستان ئەمڕۆ بانگەوازی بەرگری گشتی بەرامبەر هێرشەکانی سوپای تورکیا راگەیاند کە لە ئێستادا هێزەکانی لەسەر سنور کۆکردوەتەوە.

ئیدارەی خۆسەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا بانگەوازی بەرگری گشتی بۆ ماوەی سێ رۆژ راگەیاند و بەرپرسیاریەتی رودانی هەر کارەساتێکی مرۆیی لە رۆژهەڵاتی فوراتی خستە ئەستۆی نەتەوەیەکگرتوەکان، ئەمریکا و روسیا.

سوپای تورکیا و گروپە ئۆپۆزسیۆنەکان هەڕەشەی هێرشکردنەسەر ئیدارەی خۆسەر دەکەن و بۆ ئەو مەبەستەش هێزێکی زۆریان لەسەر سنور کۆکردوەتەوە

لە راگەیەنراوەکەی ئیدارەی خۆسەردا هاتوە، لە کاتێکدا سوپای تورکیا و گروپە ئۆپۆزسیۆنەکان هەڕەشەی هێرشکردنەسەر ئیدارەی خۆسەر دەکەن و بۆ ئەو مەبەستەش هێزێکی زۆریان لەسەر سنور کۆکردوەتەوە، "بانگەوازی بەرگری گشتی رادەگەیەنین و گەل و ئیدارەی خۆسەر بە تەواوی دامودەزگاکانییەوە دەچینە سەر سنوری تورکیا بۆ روبەڕوبونەوەی هێرشەکان و بەرگرییەکی ئەخلاقی دەکەین لەم کاتە هەستیارەدا".

باس لەوەشکراوە، داواش لە هەمو گەل و پێکهاتەکانی کوردستان و هاوسۆزەکانیان لە جیهاندا دەکەن هەست بە نارەزایی دەربڕین و گردبونەوە لەو شوێنانیە لێیدەژین.

نەتەوە یەکگرتوەکان، ئەمریکا، یەکێتی ئەوروپا و روسیا و ئەو وڵاتانەی کاریگەریان لەسەر دۆخی سوریا هەیە، بەرپرسیاریەتی ئەخلاقی و ویژدانیان دەکەوێتە سەر بەرامبەر رودانی هەر کارەساتێکی مرۆیی

ئیدارەی خۆسەری ئاماژەی بەوەشکردوە، نەتەوە یەکگرتوەکان، ئەمریکا، یەکێتی ئەوروپا و روسیا و ئەو وڵاتانەی کاریگەریان لەسەر سۆخی سوریا هەیە، بەرپرسیاریەتی ئەخلاقی و ویژدانیان دەکەوێتە سەر بەرامبەر رودانی هەر کارەساتێکی مرۆیی لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا.

بەیاننامەکەی ئیدارەی خۆسەری رۆژئاوا لە کاتێکدایە تورکیا هێزێکی زۆری لەسەر سنور کۆکردوتەوە و دەخوازێت هێرش بکاتە سەر هەسەدە، کە لە ئێستادا نزیکەی پێنج ملیۆن هاوڵاتی لە ژێردەسەڵاتی ئیدارەی خۆسەردا دەژین و هەزاران چەکداری داعش و خێزانەکانیان لە زیندانەکانی رۆژئاوادا گیراون.