تڕه‌مپ گلەیی ئەوە لە کورد دەکات کە لە جەنگی دووەمی جیهانی هاوکاری ئەمریکایان نەکردووە

10/10/2019 - 09:08 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/گشتی

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گلەیی ئەوە لە کورد دەکات کە لە جەنگی دووەمی جیهانی و هەروەها شەڕی نۆرماندی هاوکاری ئەمریکایان نەکردووە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش هێشتا ئەمریکا کوردی بە دڵە. 

 

پاش دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا لە رۆژئاوای کوردستان، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە گوتەیەکیدا لەبارەی دۆخی رۆژئاوای کوردستان و پرسی کورد لە ناوچەکە رایگەیاند، کورد لە پێناو خاکی خۆیان شەڕدەکەن.

 

سەرۆکی ئەمریکا گلەیی لە کورد دەکات لەوەی یارمەتی ئەمریکای نەداوە لە جەنگی دووەمی جیهانی و رایگەیاند "ئەوان لە جەنگی دووەمی جیهاندا هاوکاری ئێمەیان نەکردووە، ئەوان لە نۆرماندی هاوکاری ئێمەیان نەکردووە، بەڵام ئێمە لە رووی پێدانی چەک و پارەوە هاوکاریمان کردوون و سەرباری هەموو ئەمانەش ئێمە هێشتا کوردمان بە دڵە".

 

 

هاوکات ترەمپ لە توویتێکدا رایگەیاندووە، لەترسی لەدەستدانی کۆنترۆڵی کورد، یانیش تورکیا بەسەر چەکدارەکانی داعش، دوو چەکداری مەترسیداری داعشیان بردووەتە لای خۆیان.

 

دوو چەکدارەکە بە بتڵز ناسراون و لە سووریا بەرپرس بوونە لە سەربڕینی خەڵک، بۆیە ئێستا لە شوێنێکی ئەمنی پارێزراودان لەلایەن هێزەکانی ئەمریکا.

 

 

کاردانەوەکانی ترەمپ لەسەر ئۆپەراسیۆنی تورکیا بەتەنها ئەو گلەییەی نەبوو، شەوی رابردوو بۆ جاری سێیەم هەڕەشەی تووندی لە سەرۆککۆماری تورکیا کرد و رایگەیاند، ئەگەر ئەردۆغان لەو ئۆپەراسیۆنەی کە لە باکووری سووریا ئەنجامی دەدات لە سنووری خۆی دەربچێت، لە سزاسەپاندن خراپتری بەسەردێنم.

 

ترەمپ رای وایە، خراپترین هەڵە کە ئەمریکا ئەنجامیداوە، رۆیشتنیان بوو بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئێستاش کە دەکشێنەوە لە سووریا، ئەمە بڕیارێکی کەمپەینی هەڵبژاردنە جێبەجێی دەکات و دەڵێت، ئەوان کاری پۆلیسیان لەوێ ئەنجامدەدا، ئێستا دەیانەوێت عێراق و سووریا و وڵاتانی دیکە ئەو کارە ئەنجامبدەن. 

 

چەند کاژێرێکیش پاش دەستپێکی ئۆپەراسیۆنەکەی تورکیا، لە راگەیێندراوەکەدا کە کۆشکی سپی بڵاویکردووەتەوە دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند ئەوان بە روونی بە تورکیایان گوتووە ئەنجامدانی ئەو ئۆپەراسیۆنە کارێکی هەڵەیە. "تورکیا کە ئەندامی ناتۆیە سووریای داگیرکرد، تورکیا پەیمانی داوە پارێزگاری لە خەڵکی سڤیل و کەمایەتییە ئاینییەکان لەنێویاندا کریستیانەکان بکات و بەوەش هیچ قەیرانێکی مرۆیی روونادات".