یەپەگە: سەرەڕای نەبوونی چەکی پێشکەوتوو لە بەرگری بەردەوام دەبین

10/10/2019 - 09:28 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/گشتی

سەرچاوەیەک لە یەکینەکانی پاراستنی گەل ، یەپەگە، بۆ ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزی ئاشکرا کردووە، ئەرکی سەر شانیان سەختە چونکە هاوەن پێشکەوتووترین چەکی دەستیانە.

سەرچاوەکە بە رۆیتەرزی گوتووە، یەپەگە چەکی پێویستی نییە تاکو بتوانێت تانک و فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بوەستێنێت. نە مووشەک، نە دژە تانک و نە دژە فڕۆکە، بەڵام ئەوان لە بەرگریکردن بەردەوام دەبن.

لە لایەکی دیکەوە، سەرچاوەیەک لە چەکدارە یاخییەکانی سووریا بۆ رۆیتەرزیان ئاشکرا کردووە، تورکیا هەمیشە لە گفتوگۆدا بووە لەبارەی جۆری ئەو چەکانەی لە لایەن ئەمەریکاوە بە یەپەگە دراون.

هێزەکانی یەپەگە و هەسەدە کە نزیکەی 25٪ی خاکی سووریایان لە ژێردەستە، بڕیاری هێرشکردنە سەریان لە لایەن تورکیاوە بە “خەنجەر لە پشتدان” لەقەڵەم دا و سوپای تورکیاش لە ژێر ناونیشانی ئۆپەراسیۆنی “بەهاری ئاشتی” سوورە لەسەر هێرشەکانی.