پێدانی قه‌رزی بچووك به‌ گه‌نجان ده‌ست پێ ده‌كاته‌وه‌

05/11/2019 - 15:51 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/گشتی

بڕیاره‌ جارێكی دیكه‌ قه‌رزی بچووك به‌ گه‌نجان ده‌ست پێ بكاته‌وه‌ و وته‌بێژی وه‌زاره‌تی كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تییش رایده‌گه‌یه‌نێت كه‌  11ی ئه‌م مانگه‌ وۆركشۆپێك بەڕێوە ده‌چێت، بۆ ئه‌وه‌ی گۆڕانكاری له‌ ڕێنماییه‌كاندا بكرێت و دواتریش ڕه‌زامه‌ندیی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران وه‌رده‌گیرێت و ده‌ست پێ ده‌كاته‌وه‌.

 ئاریان محه‌مه‌د، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند  "بڕیاره‌ دووباره‌ پێدانی قه‌رزی بچووك به‌ گه‌نجان ده‌ست پێ بكاته‌وه‌ و له ‌11ی ئه‌م مانگه‌وه‌ وۆركشۆپێك بەڕێوە دەبەن و  ڕێنماییه‌كانی پێدانی قه‌رزه‌كه‌ به‌ گه‌نجان هه‌مواری دەكرێنەوە، بۆ ئه‌وه‌ی ئاسانكاریی زیاتر له‌ ڕێنماییه‌كاندا بكرێت، تاکو زۆرترین گه‌نج لێی سوودمه‌ند بن."

ئاریان محه‌مه‌د وتیشی: "هه‌ركاتێك هه‌مواری ڕێنماییه‌كان كرا، ئاراسته‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی ڕه‌زامه‌ندی له‌سه‌ر بده‌ن و دووباره‌ پێدانی قه‌رزی بچووك به‌ گه‌نجان ده‌ست پێ بكاته‌وه‌."

ئاریان محه‌مه‌د بۆ سایتی پارتی باسی له‌وه‌ش كرد: "ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ قه‌رزی بچووكیان لایه‌ و تاوه‌كو ئێستا نه‌یانداوه‌ته‌وه‌، بڕیار دراوه‌ به‌ شێوه‌ی قیست پاره‌كه‌ بگه‌ڕێننه‌وه‌ و ئه‌وانه‌ی كه‌ چوونه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵاتیش پێویسته‌ كه‌فیله‌كانیان پاره‌كه‌ بگه‌ڕێننه‌وه‌."