لە توركیا ساڵانە سێ هەزار كەس خۆی دەكوژێت

09/11/2019 - 16:08 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/گشتی

دیاردەی خۆكوشتن لە توركیا بە شێوەیەكی بەرفراوان تەشەنەی سەندووە، بە گوێرەی راپۆرتی دەزگای ئاماری توركیا ساڵانە لەو وڵاتە سێ هەزار كەس خۆی دەكوژێت.

دەزگای ئاماری توركیا بڵاوی كردووەتەوە، لە توركیا دیاردەی خۆكوشتن دیاردەیەكی بەرفراوانە و لە ساڵی ٢٠٠٠ەوە ساڵانە دوو هەزار كەس خۆی دەكوژێت، بەڵام لە دوای ٢٠١٣ەوە ئەو رێژەیە بۆ ٣ هەزار كەس بەرز بووەتەوە.

ماڵپەڕی (BBC)ی توركی لە بەدواداچوونێكدا لەبارەی دەیاردەی خۆكوشتن لە توركیا ئاشكرای دەكات، لە ساڵی ٢٠١٨ لە تەواوی توركیادا ٣ هەزار و ١٦١ كەس خۆیان كوشتووە، واتە لە رۆژێكدا ٩ كەس خۆی دەكوژێت.

ماڵپەڕی ناوبراو بە پشتبەستن بە چەند ئامارێكی فەرمیی حكوومەتی توركیا ئاشكرای دەكات، لە٢٠١٧ سێ هەزار و ١٦٨ كەس خۆیان كوشتووە و لە ٢٠١٦دا ٣ هەزار ١٩٣ كەس و لە ٢٠١٥ش ٣ هەزار و ٢٤٦ و لە ٢٠١٤دا ٣١٦٩ كەس لە توركیا كۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.

زۆرترین رێژەی خۆكوشتن لە توركیا لە شاری ئیستەنبۆڵ تۆمار كراوە، بەڵام لە (ئارتڤین و گوموشخانە و كلیس ئەرزنجان) كەمترین رێژەی حۆكوشتن تۆمار كراوە.

بە گوێرەی زانیارییەكانی ماڵپەڕی (BBC) رێژەی خۆكوشتنی پیاوان لە ئافرەتان زیاترە، لە توركیا ٧٥.٦٤٪ی پیاوانن خۆیان دەكوژن و ٢٤.٣٦٪یش ئافرەتانن خۆیان دەكوژن.

گرنگترین هۆكارەكانی خۆكوشتن لە توركیا

گرنگترین ئەو هۆكارانەی وای كردووە دیاردەی خۆكوشتن لە توركیا زیاد بكات، بە پلەی یەكەم نەخۆشییە، واتە ئەوانەی نەخۆشیی درێژخایەنیان هەیە كۆتایی بە ژیانیان دەهێنن، پاشان خراپیی رەوشی ئابووری و خراپیی رەوشی خێزانی لەڕووی ئابوورییەوە، هەروەها بەشێك لە خۆكوشتنەكانیش پەیوەندیی بەوەوە هەیە، كە بە زۆر ئافرەتان بەشوو دەدرێن، یان پیاوان بە زۆر ئافرەتێكیان بەسەردا دەسەپێنن بۆ هاوسەرگیری و یەكێكی تریش لە هۆكارەكان شكستی سەرمایەدارانە لە بواری بازرگانیدا.