دۆناڵد تره‌مپ له‌ چاوه‌ڕوانى سێ تۆمه‌تدایه‌

10/12/2019 - 15:33 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/گشتی

ده‌زگاكانى راگه‌یاندنى ئه‌مریكا رایانگه‌یاند ، چاوه‌ڕێ ده‌كرێت ئه‌مڕۆ سێ شه‌ممه‌ دیموكراته‌كان لیستى ئه‌و تۆمه‌تانه‌ ئاشكرابكه‌ن ، كه‌ ده‌یخه‌نه‌ پاڵ دۆناڵد تڕه‌مپى سه‌رۆكى ئه‌مریكا .


رۆژنامه‌ى "واشنتن پۆست " لێدوانى سێ به‌رپرسى چاودێر و ئاگادارى له‌سه‌ر دۆسییه‌ى تۆمه‌ته‌كانى سه‌ر دۆناڵد تڕه‌مپ گواستووه‌ته‌وه‌ و رایگه‌یاندووه‌ ، لیستى تۆمه‌ته‌كان له‌ خراپ به‌كارهێنانى ده‌سته‌ڵات و به‌ربه‌ست دروستكردن له‌ به‌رده‌م كۆنگرێس خۆیان ده‌بیننه‌وه‌ .


تۆڕى هه‌واڵى "سى ئێن ئێن "ـیش رایگه‌یاند :" تۆمه‌تی سێ یه‌میش هه‌یه‌ ده‌درێته‌ پاڵ دۆناڵد تڕه‌مپ ، ئه‌ویش له‌ باره‌ى به‌ربه‌ست و ته‌گه‌ره‌ دروستكردنه‌ له‌ به‌رده‌م دادپه‌روه‌ره‌ى ، به‌ڵام ئه‌م تۆمه‌ته‌ تاكو ئێستا له‌ ژێر گفتوگۆدایه‌ " .


سه‌رچاوه‌كانى ئه‌و تۆڕه‌ هه‌واڵییه‌ش هۆشداریاندا ، تاكو ئێستا لیستى تۆمه‌ته‌كان له‌ چوارچێوه‌ى ئاماده‌كردندان ، ئه‌مه‌ش پاش ئه‌وه‌ى دوێنێ دوو شه‌ممه‌ دیموكراته‌كان دۆسییه‌ى لێپێچینه‌وه‌یان له‌ سه‌رۆكى ئه‌مریكا له‌ به‌رده‌م ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران خسته‌روو ، به‌و جۆره‌ش وه‌سفى دۆناڵد تڕه‌مپیان كرد ، كه‌ " مه‌ترسییه‌كه‌ بۆ ئێستا و داهاتووى " ئاسایشى نه‌ته‌وه‌یى .