توركیا هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئه‌مریكا ده‌كات و بنكەی ئینجەرلیك دەخاته‌ بەرباس

11/12/2019 - 16:37 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/گشتی

كۆنگرێسی ئەمریكا داوای كردووە سزای توركیا بدرێت لە بەرامبەر كڕینی مووشەكی بەرگریی S400 لە ڕووسیا، وەزیری دەرەوەی توركیاش هەڕەشە دەكات ئەگەر ئەمریكا سزای ئابووری بەسەر توركیادا بسەپێنێت، بنكەی ئینجەرلیك دەهێننە بەرباس.

كێشەی نێوان توركیا و ئەمریكا لەبارەی كڕینی مووشەكی بەرگریی S400 كۆتایی نەهاتووە و كۆنگرێس بەردەوام داوا دەكات سزا بەسەر توركیادا بسەپێنرێت، بەڵام دۆناڵد ترەمپ بڕیاری سزادانەكەی راگرتەوە و، دەڵێت بەردەوام دەبین لەوەی توركیا پەشیمان بكەینەوە.

وەزیری بەرگریی ئەمریكا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاشكرای كرد، كە داوایان لێ كراوە لە بودجەی٢٠٢٠ی سەربازیدا سزا بەسەر توركیادا بسەپێنن، ئەمەش وەڵامدانەوەی وەزیری دەرەوەی توركیای لێ كەوتەوە.

مەولوود چاوشئۆغلو وەزیری دەرەوەی توركیا، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی داوە ئەگەر بێت و ئەمریكا سزا بەسەر توركیا بسەپێنێت، توركیاش بنكەی ئینجەرلیك دەهێنێتە بەرباس و وەكو كارتێك بەكاری دەهێنێت.

چاوشئۆغلو باسی لەوەش كرد، كە توركیا بە هیچ شێوەیەك لە كڕینی ئەو مووشەكە لە ڕووسیا پەشیمان نابێتەوە و لە٢٠٢٠دا بەكاری دەهێنێت.

رۆژنامەی (سۆڵ)ی توركی ئاشكرای دەكات، مەبەستی چاوشئۆغلو لە بنكەی ئینجەرلیك داخستنیەتی، ئەگەر بێت و ناچار بكرێن.

لیرەی توركی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریكی بەهای خۆی لەدەست داوە، بە تایبەت هەر كاتێك بەرپرسێكی ئەمریكا باس لە سزادانی توركیا بكات، ئیدی لیرەی توركیش بەهاكەی دێتە خوارەوە و، هەموو خواردن و كەلوپەلێكیش لە توركیا نرخەكەی بەرز دەبێتەوە.