نرخی نەوت دابەزینی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی

23/01/2020 - 14:41 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/گشتی

بەهۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتی چین، کە گەورەترین بەکارهێنەری نەوتە لەجیهاندا، خواست لەسەر ئەو بەرهەمە لەبازاڕەکانی جیهاندا کەمبوەتەوە، بەمەش نرخی نەوت دابەزینی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە.

بەپێی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، ئەمڕۆ پێنجشەممە نرخی نەوتی خاوی برێنت 76 سەنت دابەزیوە لە دوایین مامەڵەدا بە 62.45 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک مامەڵەی پێوەکراوە، واتا بەڕێژەی %1.2 نزمبوەتەوە.

لە هەمانکاتیشدا نرخی نەوتی خاوی تەکساسی ئەمریکا 85 سەنت دابەزیوە و بە 55.89 دۆلار بۆ هەر بەمیلێک مامەڵەی پێکراوە، واتا بەرێژەی 1.5% نزمبوەتەوە.

بەیانی ئەمڕۆ حکومەتی چین شارێکی کە ژمارەی دانیشتوانەکەی 11 ملیۆن کەس دەبێت داخست بەڕوی گەشتیاراندا، هەمو گەشتەکانی ئەو شارەشیان راگرت، بۆ رێگریکردن لە بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەکە.

لیژنەی تەندروستی ناوچەی هوبی لەچین رایگەیاند ژمارەی ئەو کەسانەی کە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانیانلەدەستدا بۆ 17 کەس بەرزبوەوە، و نزیکەی 600 حاڵەتی توشبو بەو ڤایرۆسە راگەیەنراوە.

وڵاتی چین کە بەگەورەترین وڵاتی بەرهەمهێنەری نەوت لە جیهاندا هەژمارکراوە، بەهۆی خراپی رەوشی تەندروستی وڵاتەکەوە، ژمارەیەکی زۆر لە وڵاتانی جیهان گەشتەکانیان بۆ ئەو وڵاتە راگرتوە، بەمەش چالاکیە ئابورییەکانی چین کەمیکردوە، لە ئەنجامدا خواست لەسەر بەرهەمی نەوتی خاو کەمیکردوە.

لەلایەکی دیکەوە نەوتی ناو کۆگا نەوتییەکانی ئەمریکا لە هەفتەی رابردودا بە قەبارەی 1.6 ملیۆن بەرمیل زیادیکردوە، ئەمەش هۆکارێکی دیکەی نزمبونەوەی نرخی نەوتە لەبازارەکانی جیهاندا.