چاره‌نووسی ئەو كەسەی فڕۆكە ئۆكرانییەكەی خسته‌خوارەوە ئاشكراده‌كرێت

25/01/2020 - 15:28 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/گشتی

محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران ئاشكرایكرد، ئەو كەسەی فڕۆكە ئۆكرانییەكەی هەڵداوەتەخوارەوە لەئێستادا بەندكراوە، لەكاتێكدا ئەو ئەفسەرە ئەمریكییەی فڕۆكە ئێرانیەكەی خستەخوارەوە، خەڵات كرا.

زەریف لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتی "ئەو كەسەی فڕۆكە ئۆكرانییەكەی بەهەڵە خستەخوارەوە لەئێستادا بەندكراوە، ئێرانیش بەرپرس نییە لە دواكەوتنی زانیارییەكان دەربارەی كەوتنەخوارەوەی فڕۆكەكە، بارودۆخەكە ئاڵۆزبوە و لەكاتێكی ئاڵۆزدا رویدا، كەسانی دیكە پێویستیان بەكاتی زیاتریش بوو پێش 32 ساڵ كاتێك ئەمریكییەكان فڕۆكەیەكی نەفەرهەڵگری ئێرانییان خستەخوارەوە، تائێستاش بەهیچ شێوەیەك داوای لێبوردنی نەكردوە".

رونیشیكردەوە، تەنانەت ئەو ئەفسەرەی بەرپرس بوو لە خستنەخوارەوەی فڕۆكە ئێرانییەكەی 32 ساڵ لەمەوبەر پاداشت كرا، لەكاتێكدا ئێران بەرپرسی خستنەخوارەوەی فڕۆكە ئۆكرانیەكەی دەستگیركردوە، خەڵك مافی خۆی بوو كە ساڵایان دەكرد لەسەر شاردنەوەی زانیاری لێیان، بەڵام حكومەت لەوە بەرپرسیار نییە.

رۆژی 8-1-2020 ئێران بەهەڵە فڕۆكەیەكی نەفەرهەڵگری ئۆكرانی خستەخوارەوە، كە لەفڕۆكەخانەی ئیمام خومەینیەوە لە تارانەوە بەرەو كیێڤی پایتەختی ئۆكرانیا دەچوو، بەهۆیەوە سەرجەم سەرنشینەكانی كە 176 كەس بوون، گیانیان لەدەستدا.