ئێران له‌باره‌ی دانوستان لەگەڵ سعودیە ، هه‌لوێستی خۆی ئاشكراده‌كات

05/02/2020 - 17:39 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/گشتی

بەرپرسی ئەنجومەنی ستراتیژی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئێران ڕایدەگەیەنێت، وڵاتەكەی هەمووكات ئامادەی دانوستانە لەگەڵ سعودیە، بەڵام ئەوان خۆیان بڕیار بە دەست نین و بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لەم نێوەندەدا بۆ ئەوان گرنگترە.

میدیاكانی ئێران بڵاویانكردەوە، كەمال خەڕازی بەرپرسی ئەنجومەنی ستراتیژی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، ئێران هەموو كات جەختی لەوە كردووەتەوە كە ئاسایش و سەقامگیری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەنیا لە ڕێگای وڵاتانی ناوچەكەوە دابین دەكرێت.
وتیشی”بەردەوام ئامادەی دانوستانین لەگەڵ بەرپرسانی سعودیە، بەڵام ئەوان بڕیار بەدەست نین و بەرژەوەندییەكانی ئەمریكایان بە لاوە گرنگە، ئەمریكییەكان موڵەتی بڕیاردان بە سعودیە نادەن”.

ئاشكراشیكرد، زیاتر لە چوار ساڵ شەڕی یەمەن ئەوەی سەلماندووە كە كێشەكانی سعودیە و ئیمارات بە شەڕ چارەسەر ناكرێت، بەڵكو دەبێت بە بێ دەستێوەردانی دەرەكی، داواكارییەكانی گەلی یەمەن ڕەچاو بكرێن و دەرفەتی پێكهێنانی حكومەتێك بەپێی ئیرادەی خەڵك بەو وڵاتە بدرێت.