ئەردۆغان هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌ركردنی سوپای سوریا ده‌كات لە ئیدلەب

05/02/2020 - 18:03 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/گشتی

ئەردۆغان داوا لە سوپای بەشار ئەسەد دەکات، لەناوچەکانی ئیدلەب بکشێتەوە، ئەگەرنا بە زەبری هێز دەریان دەکات.

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا رایگەیاند: پێویستە تا کۆتایی ئەم مانگە هێزەکانی حکومەتی سوریا لەو ناوچانەی پارێزگای ئیدلەب بکشێنەوە کە پێشتر لە ژێر چاودێریی تورکیادا بون، ئەگەرنا هێزەکانیان بە زەبری هێز دەریان دەکەن.

ئاماژەی بەوەکرد؛ پێگەکانی سوپای تورکیا لە پارێزگای ئیدلەب و لەناو خاکی سوریادا، ئێستا کەوتونەتە دەست سوپای ئەسەد و پێویستە بە زوترین کات پاشەکشەی لێبکەن.

ئەردۆغان جەختی کردەوە کە؛ وەک چۆن رژێم بەرامبەر بە بچوکترین پێشێلکاریی گروپەکانی ئۆپۆزسیۆن، بە ھێرشی قورس بەرپەرچیان دەداتەوە، ئەوا پێشێلکارییەکانی رژێمیش بەرامبەر ھێزە سەربازییەکان بە شێوەیەکی گونجاو بەرپەرچ دەدرێتەوە.

وتیشی :"تاکە چاوەڕوانیمان لە روسیا ئەوەیە باشتر لە ھەستیارییمان لە سوریا بگات".

لێدوان و هەڕەشەکانی ئەردۆغان لەکاتێکدایە، کە ماوەی چەند رۆژێکە سوپای رژێمی سوریا هێرشێکی بەرفراوانی بۆ سەر پارێزگای ئیدلەب دەستپێکردوە کە مۆڵگەی سەرەکیی گروپە توندڕەوەکانی بەرەی نوسرە و بەرەی تەحریر شامە، کە لەلایەن تورکیاوە پاڵپشتیی دەکرێت و چەند بنکەیەکی تورکیاش بە رێککەوتن لەگەڵ روسیا لەو سنورە جێگیرکراون.