چین... تائێستا 560 كەس بەهۆی كۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە

06/02/2020 - 11:50 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/گشتی

 

وەزارەتی تەندروستی چین ئاماری گیان لەدەستدان بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە بڵاوكردەوەو ڕایگەیاند: گیان لەدەستدان بەهۆی ڤایرۆسەكەوە بۆ 560 بەرز بۆوە و رێكخراوی تەندروستی جیهانییش هاوكاری ئەو وڵاتە دەكات.

 

وەزارەتی تەندروستی چین بڵاویكردەوە: تائێستا 560حاڵەتی گیان لەدەستدان بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە تۆماركراوە، لە كۆی 28 هەزار كەسی توشبووش، 3 هەزار و 219 كەس لە حاڵەتێكی خراپدان و 900 كەسیش چاكبوونەتەوەو لە نەخۆشخانەكان دەكراون.

 

هاوكات تێدرۆس ئەدهانوم گیبریسۆس سەرۆكی رێكخراوی تەندروستی جیهانیی لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندو: رێكخراوەكەیان بەردەوامە لە هاوكاریكردنی چین بەمەبەستی رێگرتن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسی كۆرۆنا لەو وڵاتەدا، روونیشیكردەوە لەماوەی رابردوودا رێكخراوی تەندروستی جیهانیی زیاتر لە 500 هەزار دەمامك و 40 هەزار ئامێری هەناسەدانی بۆ ئەو وڵاتانە ناردووە، كە ڤایرۆسی كۆرۆنایان تێدا تۆمار كراوە.