به‌شێك له‌و ژنانه‌ی كارمه‌ندی هێزه‌ ئه‌منیه‌كانن گێچه‌ڵی سێكسیان پێدەكرێت

13/02/2020 - 10:08 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/گشتی

كۆمسیۆنی مافه‌كانی مرۆڤ رایدەگەیەنێت كە به‌شێك له‌و ژنانه‌ی له‌ ریزی هێزه‌ ئه‌منیه‌كان كار ده‌كه‌ن له‌ لایه‌ن هاوكاره‌كان و فه‌رمانده‌كانیانه‌وه‌ لەوڵاتی ئه‌فغانستان گێچه‌ڵی سێكسیان پێكراوه‌.

به‌پێی ئه‌نجامی راپرسیه‌ك، كه‌ له‌ لایه‌ن كۆمسیۆنی مافه‌كانی مرۆڤی ئه‌فغانستان ئه‌نجامدراوه‌و ئاشكرایكردوە: لانیكه‌م له‌سه‌دا 7 ی ژنان له‌ ریزه‌كانی سوپا و ده‌زگا ئه‌منیه‌كانی ئه‌و وڵاته‌ به‌ره‌وڕووی گێچه‌ڵی سێكسی بوونه‌ته‌وه‌.

ئه‌و ژنانه‌ی له‌ ریزی هێزه‌ ئه‌منیه‌كان كار ده‌كه‌ن رایانگه‌یاندووه‌: له‌ لایه‌ن هاوكاران و فه‌رمانده‌كانیانه‌وه‌ داوای پێوه‌ندیان لێكراوه‌، یان توانجیان لێدراوه‌ و هه‌ندێك جاریش پرسیاری زۆر تایبه‌تیان لێكراوه‌.

ئاماژە بەوە كراوە له‌ كۆی( 2272 ) ژن كه‌ پرسیاریان لێكراوه‌، (1862) كه‌سیان باسیان له‌وه‌كردووه‌ كه‌ له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و گێچه‌ڵه‌ی پێیانكراوه‌، هیچ وه‌ڵامێكیان نه‌داوه‌ته‌وه‌، 141 كه‌سیش وازیان له‌كاره‌كانیان هێناوه‌ و ته‌نها 65 كه‌س سكاڵایان كردووه‌.

رونیشكراوەتەوە: كه‌ دوور نییه‌ رێژه‌ی ژنانی گێچه‌ڵپێكراو له‌ ریزی سوپا و ده‌زگا ئه‌منیه‌كان زۆر له‌وه‌ زیاتر بێت، چوونكه‌ هه‌ندێكیان له‌ ترسی ده‌ركردن یان له‌ به‌ر دۆخی كۆمه‌ڵایه‌تی ناوێرن باسی بكه‌ن.

بەرپرسانی ئەمنی ئەو وڵاتەش ڕاپۆرتەكەیان رەتكردۆتەوە و ئاماژەیان بەوە كردوە كە له‌ رابردوودا چه‌ند حاڵه‌تێك هه‌بووه‌ به‌ڵام لێپێچینه‌وه‌ كراوە.