" 60% ی دانیشتوانی گۆی زه‌وی تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا ده‌بن"

13/02/2020 - 17:45 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/گشتی

چین 1500 كیلۆمه‌تر سنووری وشكانی هاوبه‌شی هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ كۆریای باكوور، به‌ڵام تائێستا ئه‌و وڵاته‌ هیچ حاڵه‌تێكی كۆرۆنای ئاشكرا نه‌كردووه‌، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ به‌رپرسێكی ته‌ندروستی “هۆنك گۆنگ” ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر هەیە تا مانگی چوار، سێ به‌شی دانیشتوانی جیهان تووشی نه‌خۆشییه‌كه‌ ده‌بن.

پرۆفیسۆر گابریل لیونگ سه‌رۆكی به‌شی ته‌ندروستی گشتی له‌ زانكۆی “هۆنگ كۆنگ” به‌ ڕۆژنامه‌ی گاردیان-ی وتووه‌ دوای توێژینه‌وه‌یه‌كی ورد كه‌ ڕێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی-یان لێ ئاگاداركردووەته‌وه‌ گه‌یشتوونه‌ته‌ ئه‌و بڕوایه‌ی كه‌ 60%ی ژماره‌ی دانیشتوانی گۆی زه‌وی تووشی نه‌خۆشییه‌كه‌ ببن.

ڤایرۆسی كۆرۆنا كه‌ له‌ 30 دیسێمبه‌ری 2019 له‌لایه‌ن چین-ه‌وه‌ به‌فەڕمی ڕاگه‌یه‌نرا تا ئه‌مڕۆ 13ی فێبریوه‌ری 1358 کەسی كوشتووه‌ و به‌پێی ئاماری ته‌ندروستی چین له‌ماوه‌ی 24 کاتژمێری رابردوودا 14 هه‌زار و 840 حاڵه‌تی نوێ تۆماركراوه‌ به‌مه‌ش ژماره‌ی تووشبوان گه‌یشتۆته‌ 60 هه‌زار و 310 كه‌س و له‌وانه‌ش 8 هه‌زار و 243 كه‌سیان له‌ حاڵه‌تی خراپدان.

ڤایرۆسی كۆرۆنا كه‌ چه‌ند ڕۆژێك له‌مه‌وبه‌ر زانایان به‌ فەڕمی ناوی زانستی Covid-19 یان لێنا، له‌ 28 ده‌وڵه‌ت بڵاوبووەته‌وه‌ به‌تایبه‌تی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی هاوسنوورن له‌گه‌ڵ چین زۆرترین تووشبویان تێدا ده‌ركه‌وتووه‌، كه‌چی كۆریای باكوور له‌ سه‌رده‌ستی ڕژێمێكی داپلۆسێنه‌ر به‌ڕێوه‌ده‌چێت و هه‌موو ئامێرێكی په‌یوه‌ندیی و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان تێیدا قه‌ده‌غه‌یه‌، هیچ حاڵه‌تێكی نه‌خۆشییه‌كه‌ی ڕانه‌گه‌یاندووه‌.

ده‌شڵێت: “كاتێك له‌وێ كارم ده‌كرد به‌ سه‌دان ژن و منداڵ كێشه‌ی كه‌مخۆراكی-یان هه‌بوو”، به‌ڵام له‌لایه‌ن به‌رپرسانی پۆنگ یانگ-ه‌وه‌ په‌رده‌پۆش ده‌كرا، بۆیه‌ به‌دڵنیایی له‌نه‌بوونی به‌رگری له‌شدا به‌ئاسانی خه‌ڵك تووشی كۆرنا ده‌بێت”، به‌پێی ئاماری نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان 40%ی خه‌ڵكی كۆریای باكوور، به‌دخۆراكیان هه‌یه‌.

هه‌روه‌ها سونگ ئین بۆم به‌رپرس له‌ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی كۆریای باكوور له‌ لێدوانێكیدا بۆ میدیای كۆریای باكوور جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ هیچ حاڵه‌تێك له‌ وڵاته‌یه‌كه‌یان بڵاونه‌بووەته‌وه‌ له‌كاتێكدا 90%ی بازرگانیشمان له‌گه‌ڵ چین هه‌یه‌.

وتیشی: “وه‌عی خه‌ڵكی وڵاته‌كه‌مان له‌ئاستێكدایه‌ كه‌ توانای خۆپاراستنیان هه‌یه‌”، باسی له‌وه‌شكردووه‌ به‌ڵام تا یه‌ك مانگ ده‌رگای سنوری هێڵێ ئاسن و ئۆتۆمبێل-یان داخستووه‌.

ڕۆژنامه‌ی نیویۆرك تایمز نوسیویه‌تی ئه‌م قسانه‌ی به‌رپرسه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی كۆریای باكوور له‌كاتێكدایه‌ كه‌ وڵاتانی وه‌ك ژاپۆن 270 حاڵه‌ت، هۆنگ كۆنگ 50 حاڵه‌ت، كۆریای باشوور 28 حاڵه‌ت، تایوان 18 حاڵه‌ت و تایله‌ند 33 حاڵه‌ت و ڤێتنام 16 حاڵه‌تی لێ تۆماركراوه‌ كه‌ زۆربه‌یان هاوسنوورن یان نزیكن له‌ وڵاتی چین-ه‌وه‌.