برایەكی سەرۆك كۆماری ئێران دەستگیركرا

یەک شەممە, 16 تەمموز 2017 15:19

 

وتەبێژی دەسەڵاتی دادوەری ئێران رایگه‌یاند: بەهۆی نەدانی كەفالەتەوە، برایەكی حەسەن رۆحانی سەرۆكی ئێران دەستگیركرا و رەوانە زیندان كرا.

لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، غوڵام موحسین موحسینی ئێژەیی وتەبێژی دەسەڵاتی دادوەری ئێران رایگه‌یاند: دوێنێ حسێن فەرەیدون برای حەسەن رۆحانی سەرۆك كۆماری ئێران دەستگیركراوە ‌و رەوانەی زیندان كراوە.

وتەبێژی دەسەڵاتی دادوەری ئێران وتیشی: بۆ ئەوەی دەستگیر نەكرێت، بڕیاربوە حسێن فەرەیدون دوێنێ كەفالەت بدات لەسەر دۆسیەیەك كە چەند جارێك لێكۆڵینەوەی لەگەڵدا كراوە، بەڵام كەفالەتی نەداوە، بۆیە دەستگیركراوە ‌و دەستگیركردنەكەشی كاتی نییە ‌و تا ئەو كاتەی كەفالەت نەدات ئازاد ناكرێت.

جێگه‌ی باسه‌ لە دواین هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئێران، حەسەن رۆحانی لەلایەن نەیارە سیاسییەكانییەوە تۆمەتباركرا بەوەی پۆستی سەرۆك كۆماری بەكارهێناوە بۆ بەرگریكردن لە براكەی كە تۆمەتی لەسەر چەند دۆسیەیەكی دارایی ئاڕاستە كراوە.

حسێن فەرەیدون هاوكات تۆمەتبار دەكرێت بە دەستوەردان لە دانانی سەرۆكی بانكی خۆشگوزەرانی كرێكاران، بەڵام رۆحانی بەردەوام ئەو تۆمەتانە بەتوندی رەتدەكاتەوە.

 

ش.م