ئێران پلانى درووستكردنى ده‌یان به‌نداوى هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌

دوو شەممە, 17 تەمموز 2017 08:26

كۆمارى ئیسلامی ئێران ڕایده‌گه‌یه‌نێت پلانى درووستكردنى 50 به‌نداوى هه‌ڵوه‌شاندووه‌ته‌وه‌، كه‌ به‌نیاز بووه‌ له‌ شوێنه‌ جیاجیاكان دروستیان بكات، هۆكارى بڕیاره‌كه‌شى له‌ ژێر ڕۆشنایی و كاریگه‌رى توێژنه‌وه‌ ژینگه‌یی و ته‌كنیكییه‌كان داوه‌.

له‌وباره‌یه‌وه‌ حه‌مید جیت جیان وه‌زیری وزه‌ى ئێرانی له‌دیدارێكی ته‌له‌فزیۆنیدا ڕایگه‌یاندوه‌ :" وه‌زاره‌ت خشته‌ى كارى درووستكردنى 50 به‌نداوى هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌".

ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه‌: كه‌ له‌ ساڵى 2014ـه‌وه‌ و له‌گه‌ڵ ده‌ستبه‌كاربوونى حه‌سه‌ن ڕۆحانى، وه‌ك سه‌رۆك كۆمارى ئێران، ده‌ست به‌ درووستكردنى 145 به‌نداو كراوه‌.

رونیشیكردۆته‌وه‌: كه‌ له‌ ماوه‌ى چوار ساڵى ڕابردوودا، ئاو گه‌یندراوه‌ به‌ 5400 گوند و له‌ چه‌ند ڕۆژى داهاتووشدا به‌ 800 گوندی دیكه‌ش ده‌گه‌یه‌نرێت، به‌وه‌ش زیاتر له‌ 6 هه‌زار گوند ئاویان بۆ دابین ده‌كرێت كه‌ نزیكه‌ى 1.4 ملیۆن كه‌س سوود له‌ ئاوى خواردنه‌وه‌ ده‌بینن.

پێشتر وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانى ئاوى حكوومه‌تى هه‌رێم ئاشكراى كرد كه‌ ئێران له‌ مانگى ته‌مووزدا بۆ ماوه‌ى 10 ڕۆژ ئاوی زێی بچووكى گرته‌وه‌و  ئه‌مه‌ش بووه‌ هۆى كه‌مبوونه‌وه‌ى ئاوى ئه‌و ڕووباره‌و  هه‌روه‌ها هه‌ڕه‌شه‌ى په‌نابردنه‌ به‌ر نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى كرد.

 

 

هونه‌ر بانه‌گوڵانی