روداوێكی هاتووچۆ له‌ ئێران نزیكه‌ی 40 كه‌س بوونه‌ قوربانی

سێ شەممە, 12 ئەیلول 2017 11:52

 

وتەبێژێ رێکخراوی فریاگوزاری لە شاری تاران رایگەیاند: بەهۆی رووداوێکی هاتووچۆ لەرێگەی تاران- جەرجود، نزیكه‌ی 40 كه‌س بوونه‌ قوربانی.

ئەمرۆ سێشەممە 12ی ئه‌یلولی 2017، جەلال مەلەکی وتەبێژی رێکخراوی فریاگوزاری شاری تاران رایگه‌یاند: شەوی رابردوو کاتژمێر ٢:٣٠ ئاگادارکراینەوە لە رووداوێک لەرێگەی تاران- جەرجود، کە تێیدا پاسێک توشی پێکدادان بووە، هەرچەندە لە دەسەڵاتی ئێمەدا نەبوو بچینە ئەو ناوچەیە، بەڵام بەخێرایی توانیمان چوار ئۆتۆمبێلی فریاککەوتن رەوانەی شوێنی رووداوەکە بکەین.

وتەبێژی رێکخراوی فریاگوزاری وتیشی: پاش ئەوەی هەڵەیەک دەکەوێتە ناو بزوێنەری پاسەکەوە و شۆفێری ئەو پاسە کۆنترۆڵ لەدەست دەدات و بەهۆیەوە لە گردێکی بەرز کەوتۆتە خوارەوە کە نزیکەی ١٠٠ مەتر بەرز بووە.

جەلال مەلەکی ئاشکرایکرد، بەداخەوە له‌ روداوه‌كه‌ ١١ کەس گیانیان لەدەستدا و ٢٧ كه‌سی دیكه‌ش برینداربوون و راستەوخۆ گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی شاری تاران و لەژێر چاودێری پزیشکدان لەو نەخۆشخانەیە.

 

ش.م