بەحرێن و كوەیت و عێراق سەركۆنەی بڕیارەكەی ترامپ دەكەن

پێنج شەممە, 07 کانونی یەکەم 2017 05:45

 

 

بەحرێن و كوەیت و عێراق دووپاتیان كردەوە كە بڕیارەكەی سەرۆكی ئەمریكا بە دان پێدانانی قودس وەكو پایتەختی ئیسرائیل پێشێلكاری بڕیارە نێودەوڵەتییەكانە سەبارەت بەو بابەتە.

بەحرێن رایگەیاندووە، بڕیارەكەی (دۆناڵد ترامپ) سەرۆكی ئەمریكا بۆ ناساندنی قودس وەكو پایتەختی ئیسرائیل هەڕەشە لە هەوڵەكانی ئاشتی دەكات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەموو ئەو هەوڵ و دانووستانانەی كە ئەنجام دراون بۆ گەیشتن بە چارەسەرێك پەكدەخات.

هەروەها دەڵێت، ئەمە پێشێلكارییەكی ڕوون و ئاشكرای بڕیارە نێودەوڵەتییەكانە كە جەخت لەسەر مافە جێگیركراوەكانی گەلی فەڵەستین و دەست تێوەرنەدانی قودس دەكاتەوە هەروەها دەبێت قودسی ڕۆژهەڵات وەكوو خاكێكی داگیركراو بناسرێت و كۆتایی بە داگیركراوییەكەی بهێنرێت.

لە كوەیت دەزگای هەواڵی فەرمی لە سەرچاوەیەكی وەزارەتی دەرەوەوە بڵاویكردۆتەوە، بڕیاردان لەسەر ئەمە بڕیارێكی تاكلایەنانەیەو پێشێلكاری بڕیارە یاساییە نێودەوڵەتییەكانە سەبارەت بە ڕەوشی یاسایی و مرۆیی و سیاسی و مێژوویی شاری قودس و پێشێلی بڕیارەكانی كۆمەڵگەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكانی كردووە سەبارەت بەم بابەتەو هەروەها پێشێلی هەموو ڕێكەوتن و پەیماننامە نێودەوڵەتییەكانیشە.

لە بەغداش وەزیری دەرەوەی عێراق (ئیبراهیم جەعفەری) سەركۆنەی ئەم هەنگاوەی بەڕێوبەرایەتی ئەمریكای كردووە، پێشی وابووە كە لەوانەیە ببێتە هۆی ئەوەی ناوچە عەرەبییەكان و ئیسلامییەكان و هەموو جیهانیش بخاتە بەردەم قۆناغێكی نوێوە كە ڕەحم بە كەس نەكات.

 

 

ئـ . كـ